Accessibility links

خانمی پێشووی یەکەمی ئەمەریکا باربەرا بوش کۆچی دوایی کرد


خانمی پێشووی یەکەمی ئەمەریکا باربەرا بوش
خانمی پێشووی یەکەمی ئەمەریکا باربەرا بوش

خانەوادەی خانمی پێشووی یەکەمی ئەمەریکا ڕایگەیاند باربەرا بوش ڕۆژی سێشەممە لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

باربەرا بوش خێزانی پێشووی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جورج بوشی باوک بووە و دایکی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆرج دەبلیو بوش بووە.

ڕۆژی یەکشەممە خێزانی بوش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند تەندروستی باربەرا باش نیە و بڕیاریداوە چارەسەری سروشتی و تەندروستی وەرنەگرێت و لەجیاتی ئەوە تەنها چاودێریکردنی بەس بووە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی.

بەپێی هەندێک لە ڕاپۆرتەکانی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن خانمی پێشووی یەکەمی ئەمەریکا لەم چەند ساڵەی دواییدا نەخۆشی سیی درێژخایەنی هەبووە و هەروەها نەخۆشی دڵیشی لەگەڵدا بووە.

هاوسەرەکەیی و کوڕەکانی نازناوی ڕێوی زیوییان لێناوە. ئەو خانمە بە قژە سپییەکەی و بەرگریکەرێکی سەرسەختی خێزانەکەی ناسراو بوو.

لە مانگی یەکی ساڵی 1945 دا هاوسەرگیری لەگەڵ جۆرج بوشدا کردووە.

باربەرا شەش کوڕی هەبووە. ڕوبینی کچی لە سێ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە بەهۆی توشبوونی بە نەخۆشی ژێر پەنجەی خوێنەوە. بەهۆی ئەوەوە قژی باربەرا پێش کاتی خۆی دەستی کرد بە سپی بوون.

لە ماوەی نێوان ساڵانی 1989 بۆ 1993 دا دوای ئەوەی هاوسەرەکەی بووە سەرۆکی ئەمەریکا، ئەویش بووە خانمی یەکەمی ئەمەریکا. لە ساڵی 2000 یشدا کوڕەکەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا سەرکەوتوو بوو، جۆرج بوشی کوڕ لە ماوەی نێوان 2001 بۆ 2009 دا سەرۆکی ئەمەریکا بووە.

جێی ئاماژەیە باربەرا یەکەمین خانمی یەکەمی ئەمەریکایە کە بووە خێزان و دایکی دوو سەرۆکی ئەمەریکا لە ژیانیدا. ئابیگڵ ئادامز لەنێوان ساڵی 1797 بۆ 1801 خێزانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆن ئادەمز بووە کە دووەم سەرۆکی ئەمەریکا بووە بەڵام دوای ئەوەی کورەکەی جۆن کوینسی خۆی هەڵبژارد بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەو کۆچی دوایی کرد. دواتریش کوڕەکەی بووە سەرۆکی ئەمەریکا.

کوڕەکەی دیکەی باربەرا جێب بوش کە پێشتر فەرمانڕەوایی ویلایەتی کالیفۆرنیا بوو لە نێوان ساڵەکانی 1999 بۆ 2007 دا، هەوڵیدا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016 دا سەربکەوێت دوای ئەوەی لە لیستی کۆمارییەکان خۆی هەڵبژارد بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، باربەرا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا یارمەتی جێب بوشی دەدا بەڵام دواتر سەرنەکەوت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG