Accessibility links

وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا دەرگاکانیان بە ڕووی گەشتیارانی ڕووسیدا دادەخەن


چوار وڵاتی یەکێتی ئەوروپا کە سنوورییان بە سنووری ڕووسیاوەیە سنوورەکانیان بە ڕووی گەشتیارانی ڕووسیدا داخست، دەڵێن گەشتیارانی ڕووسی نابێت گەشت بکەن لە کاتێکدا کە وڵاتەکەیان لە جەنگدایە لەگەڵ ئۆکرانیادا.

پۆڵەندا و ئیستۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا ڕێوشوێنی نوێیان سەپاند بەسەر ڕووسیادا، بەڵام فینلەندا بڕیاریدا سنوورەکانی بە کراوەیی بهێڵێتەوە لە کاتێکدا کە پێدانی ڤیزای بە گەشتیارانی ڕووسی کەم کردۆتەوە.

یەکێتی ئەوروپا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لە ڕووسیاوە بۆ یەکێتییەکە قەدەغە کردووە، تەنها هێڵەکانی شەمەندەفەر و هێڵە وشکانییەکانی بە کراوەیی هێشتۆتەوە، لەم مانگەشدا ڕێکەوت لەسەر سنووردارکردنی پێدانی ڤیزای شنگن بە ڕووسییەکان.

قەدەغەکردنەکەی ڕۆژی دووشەممە گەشتیارانی ڕووسی دەگرێتەوە، بەڵام شۆفێری لۆرییەکان و ئەو هاوڵاتیە ڕووسییانە ناگرێتەوە کە هەوڵی پەنابەرێتی دەدەن لە یەکێتی ئەوروپادا، هەروەها پەنابەران و ئەو هاوڵاتیانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ناگرێتەوە کە لە ڕووسیا دەژین و ئەوانەشی کە سەردانی خێزانەکانیان دەکەن.

بەرپرسان دەڵێن کەمتر لە دەیەکی ئەو 4000 ڕووسییەی کە ڕۆژانە دێنە ئیستۆنیاوە بەهۆی یاسا نوێیەکەوە ئەو مافەیان لە دەست دەدەن.

وەزیری دەرەوەی لاتیڤیا ئێدگار ڕینکیڤیکس گوتی " خەڵکی ڕووسیا، هەوڵ مەدەن لە سنوورەکە بپەڕنەوە، لێرە پێشوازیت لێناکرێت. ئێوە پێویستە جەنگەکە دژی ئۆکرانیا کۆتایی پێبهێنن و واز لەو وڵاتە جوانە بهێنن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG