Accessibility links

پاشای بەحرەین: ڕێکەوتن لەگەڵ ئیسڕائیل لەدژی هیچ دەوڵەتێک نەکراوە


پاشای بەحرەین حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە وتی هەنگاوەکەی بەحرەین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا دژی هیچ لایەن و دەوڵەتێک نیە، بەڵام ئامانج لێی دەستەبەرکردنی ئاشتی سەرتاسەرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پاشای بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی فەڕمی بەحرەین بڵاویکردەوە جەخت لە پشتیوانی بەحرەین دەکاتەوە بۆ فەڵەستینیەکان و دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی کە لە ساڵی 2002 دا بۆ ئیسڕائیل پێشنیارکراوە و تیایدا لەبەرامبەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەبێت ئیسڕائیل ڕازی ببێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و کشانەوەی لەو خاکانەدا کە لە جەنگی 1967 دا دەستی بەسەرداگرتوون.

دەزگاکە لە زاری پاشای بەحرەینەوە بڵاویکردەوە " لێبووردەیی و پێکەوە ژیان بەها ڕاستەقینەییەکانی بەحرەینن، هەنگاوەکانمان بەرەو ئاشتی و خۆشگوزەرانی دژی هیچ لایەن و هێزێک نیە، بەڵکو لەبەرژەوەندی هەمووانە و ئامانج لێی باشبوونە لەگەڵ دراوسێکانماندا و کارکردنە لەو پێناوەدا."

لە دوای ڕێکەوتنەکەی نێوان بەحرەین و ئیسڕائیل، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکانی بەحرەین و دژی ڕێکەوتنەکە ناڕەزاییان دەربڕی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG