Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ڕێکەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ بەحرەیندا واژۆ دەکات


وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز

لەمیانەی سەردانێکی وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتزدا بۆ بەحرەین، دوو وڵاتەکە ڕێکەوتنێکی هاریکاری بەرگرییان واژۆکرد، ئەمەش یەکەمین ڕێکەوتنی لەو جۆرەیە لەنێوان ئیسڕائیل و وڵاتێکی کەنداودا.

لە ساڵی 2020 دا بەحرەین و ئیماڕات بە سەرپەرشتی ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە، بەشێکی هۆکاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نیگەرانییە هاوبەشەکانیان بوو سەبارەت بە ئێران.

وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕێکەوتنی یاداشت نامەی تێگەیشتن پشتیوانی لە هەر هاریکارییەکی داهاتوو دەکات لە بوارەکانی هەواڵگری و سەربازیی و پیشەسازی و کۆمەڵێک بواری دیکەدا."

بەرپرسێکی ئیسڕائیل وتی ڕێکەوتنەکە لەگەڵ بەحرەین یەکەمین ڕێکەوتنی لەو جۆرە بوو کە ئیسڕائیل لەگەڵ یەکێک لە هاوپەیمانە نوێیەکانیدا لە کەنداو واژۆی بکات.

وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل لە زاری بێنی گانتزی وەزیرەوە بڵاویکردەوە " تەنها یەک ساڵ دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئابراهام ( ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان )، ڕێکەوتنێکی گرنگی بەرگریمان بەدەستهێنا کە یارمەتیدەر دەبێت لە ئاسایشی هەردوو وڵاتەکە و سەقامگیری ناوچەکەدا."

وتیشی گانتز و هاوتا بەحرەینییەکەی نوسراوەکەیان واژۆ کردووە و گانتز لەگەڵ پاشا حەمەد بن عیسا ئەل خەلیفەدا کۆبۆتەوە.

ئەم سەردانەی گانتز بۆ بەحرەین لەکاتێکدا دێت گرژییەکانی کەنداو زیادییان کردووە، هاوکات حوسییەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆ سەر ئیماڕات زیادکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ئیماڕات وتی بەرپەرچی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتەوە کە هاتوونەتە ئاسمانی ئیماڕاتەوە، ئەمەش چوارەمین هێرشە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمی ڕابردوودا.

سێ هێرشەکەی یەکەم لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئەنجامدران کە هاوپەیمانی ئێرانن و لە یەمەن دژی هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەجەنگن. ئیماڕاتیش ئەندامە لەو هاوپەیمانێتیەدا و پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG