Accessibility links

جێرد کوشنەر: کاربەدەستانی ئێران لە جیاتی باشکردنی ئابوری، بوونەتە هۆی دووبەرەکی لە ناو خەڵک و دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەشدا


گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا دەڵێت هەرچەندە خەڵکی ئێران خۆی باشە، بەڵام سەرکردەکانی ئەم وڵاتە لە جیاتی باشکردنی ئابوری و دۆخی ژیانی خەڵکەکە، ئاینیان کردووە بە بیانوویەک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە ناو خەڵک و دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەشدا.

جێرد کوشنەر شەوی سێشەممە پاش واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی ئیسرائیل لەگەڵ بەحرەین و ئیمارات، بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند "ئێران ئەمڕۆ زیاتر لە جاران گۆشەگیر کراوە و تا سەرۆک ترامپیش لە پۆستەکەیدا بێت ئەوا ئەو وڵاتە هەرگیز ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."

ئەوەشی وت: خەڵکی ئێران خەڵکێکی زۆر باشن، خاوەن وڵاتێکن کە دەوڵەمەندە بە سروشتی جوان و کلتورێکی مێژووییی، بەڵام سەرکردەکانی ئەم وڵاتە ئایین وەک بیانویەک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە ناو گەلدا بە مەبەستی مانەوەیان لە دەسەڵات بەکاردەهێنن.

کوشنەر سەبارەت بە خواستی سەرۆک ترامپ بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران گوتی لە ڕوانگەی سەرۆک ترامپەوە، ئەو ئامادەی چاوپێکەوتن و گفتوگۆیە، ئێمە قسە و باسمان لەو بارەیەوە کردووە و ئەوپێشوازی لە داهێنان دەکات بۆ بنیاتنانی دواڕۆژێکی باشتر. دەشڵێت هەر ئەم ڕێکەوتنەی ئەمڕۆ مۆرکرا خاڵێکی وەرچەرخان بوو. لەم ڕۆژە گرنگەدا لە کۆشکی سپییەوە سەیری ڕوداوێکمان کرد کە کەس بە خەیاڵیدا نەدەهات و بیری لێنەکردوەتەوە کە ئەم شتە ببێت.ئەگەر ئێمە بوێری و ڕوانینی دوور و درێژمان هەبێت کە هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین ئەوا هەموو شتێک دەکرێت.

لە کۆتاییشدا وتی ئەوان هیواخوازن کە ڕژێمی ئێران دژایەتی خۆی بۆ پێشکەوتن ڕابگرێت و کۆمەڵگەکەی ئێران بە مۆدێرنی ببینن و وابێت کە ماف و ئازادی زیاتر بە هاوڵاتیانی خۆی بدات و هەروەها یارمەتیدەربێت بۆ بونیاتنانی دواڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتووی و وتی ئێمەش دەتوانین یارمەتیان بدەین.

XS
SM
MD
LG