لە ئەرکێکی واڵایی ئاسمان لە ڕێگای کەرتی تایبەتییەوە ڕۆژی پێنجشەممە 18ی مانگی یەک، موشەکێکی سپەیس ئێکس بەرەو وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی هەڵدرا و تیمێکی سێ کەسی کە نوێنەرایەتی ئەوروپا دەکەن لەگەڵ یەکەمین ئاسمانەوانی تورکیاییدا لە فلۆریداوە بەرەو وێستگەی نێودەوڵەتی واڵایی ئاسمان بەڕێککەوتن.
گەشتەکە لە ناوەندی واڵایی ئاسمانی کێنەدی ناساوە دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی 36 کاتژمێردا بگاتە وێستگەی نێودەوڵەتی واڵایی ئاسمان.
تیمەکەی کرو دراگۆنی سپەیس ئێکس پێشبینی دەکرا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بگەنە وێستگەکە کە 400 کم بەرزە لە زەوییەوە و لە ئێستادا حەوت ئەندامی ئاسایی بەڕێوەی دەبەن.
گەشتەکە سێیەمین گەشتە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن کۆمپانیای ئاکسیۆمی هیوستنی تێکساسەوە ڕێکدەخرێت. کاری کۆمپانیاکە ئەوەیە ئاسمانەوانەکان کە لەلایەن حکومەتە بیانییەکانەوە سپۆنسەرکراون ببات بۆ واڵایی ئاسمان، نرخی گەشتەکەش بۆ هەر ئاسمانەوانێک لانیکەم 55 ملیۆن دۆلارە.
ئەرکەکەی ئاکسیۆم 3 پلانی ئەوەی هەیە ئەندامانی گەشتەکە 14 ڕۆژ لە وێستگەی نێودەوڵەتی واڵایی ئاسمان بەسەرببەن و زیاتر لە 30 تاقیکردنەوەی زانستی ئەنجام بدەن، زۆرێک لەو تاقیکردنەوانە لەسەر کاریگەرییەکانی گەشتی واڵایی ئاسمان دەبێت لەسەر تەندروستی و مرۆڤ و نەخۆشییەکان.
تورکیا کە لە مێژە داوای ئەندامێتی کردووە لە یەکێتی ئەوروپادا، بڕیار بوو بچێتە ناو یانەی وڵاتانی میوانی وێستگەی نێودەوڵەتی واڵایی ئاسمانەوە، ئەوەش لە ڕێی ناردنی ئاسمانەوان ئالپەر گیزیراڤچیی تەمەن 44 ساڵەوە، کە سەربازێکی بە ئەزموونی هێزی ئاسمانی تورکیایە.
هەریەک لە کۆلۆنێڵی هێزی ئاسمانی ئیتاڵیا واڵتەر ڤیلادی تەمەن 49 ساڵ و مارکوس واندتی فڕۆکەوانی سویدی تەمەن 43 ساڵ و شارەزایەکی دیکەی ئەرکەکە لۆپێز ئەلجیریای تەمەن 65 ساڵ لەو گەشتەدا دەبن. لۆپێز ئەلجیریا کە ڕەگەزنامەی ئیسپانی و ئەمەریکاییشی هەیە، ئاسمانەوانێکی خانەنشینکراوی ناسایە و بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئاکسیۆمە، لە مانگی چواری ساڵی 2022 دا سەرکردایەتی یەکەمین گەشتی ئاکسیۆمی کرد بۆ وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان.
ئەگەر هەموو شتەکان بە باشی بەڕێوەبچن، تیمەکە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە وێستگەی نێودەوڵەتی واڵایی ئاسمان لەلایەن حەوت ئەندامەکەیەوە پێشوازییان لێدەکرێت، حەوت ئەندامەکەش بریتین لە دوو ئەمەریکایی ناسا و ئاسمانەوانێکی ژاپۆنی و ئاسمانەوانێکی دانیمارکی و سێ گەردوونناسی ڕووسیایی.
لە مانگی پێنجی ساڵی 2023 دا گەشتی ئاکسیۆم 2 دەستیپێکرد کە پێکهاتبوو لە دوو ئەمەریکایی و دوو سعودیەیی، کە ڕەیانە بەرناویشی تێدا بوو، بەرناوی بووە یەکەمین ژنە عەرەبی زانای بایۆمێدیکاڵ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێت، بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان مانەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
یەکەمین ئاسمانەوانی تورکیا لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەڕواتە واڵایی ئاسمان
