Accessibility links

وەزیری ناوخۆی نەمسا دەڵێت وڵاتەکەی کەسێکی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ تورکیا


وەزیری ناوخۆی نەمسا کاڕڵ نیهامەر
وەزیری ناوخۆی نەمسا کاڕڵ نیهامەر

وەزیری ناوخۆی نەمسا کاڕڵ نیهامەر دەڵێت وڵاتەکەی کەسێک تۆمەتبار دەکات کە دانی ناوە بەوەی سیخوڕی بۆ هەواڵگری تورکیا کردووە و ئێستا دەزگا پەیوەندیدارەکانی نەمسا لێکۆڵینەوە لە چالاکیەکانی دیکەی سیخوڕیکردن دەکەن.

نیهامەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی وتی " بابەتەکە پەیوەندیی بە هەژمونی وڵاتێکی بیانیەوە هەیە لەناو نەمسادا و ئەوەش بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵکردن نیە."

بەڕێوبەری گشتی سەلامەتی گشتی نەمسا فرانز ڕوف وتی بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا هەن لەسەر دەسەڵاتەکانی تورکیا لە نەمسا. دوای ئەوەی لە مانگی شەشدا پێکدادانێکی توند لەنێوان کوردەکان و تورکەکاندا لە ڤییەنا ڕوویدا، پۆلیسی نەمسا لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی لەسەر بابەتەکە کرد و ئەم ئەنجامانەیان دەست کەوت.

وەزیری ناوخۆی نەمسا وتی یەکێک لەوانەی دەستگیرکراون دانی بەوەدا ناوە کە " کاری بۆ هەواڵگری تورکیا کردووە و ئەرکەکەشی ئەوە بووە سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیە تورکەکان و ئەوانەوە بکات کە خەڵکی نەمسان و بە ڕەچەڵەک تورکن و دواتر زانیارییەکانیان بداتە دەست دەزگاکانی ئاسایشی تورکیا." وتیشی دەسەڵاتی دادوەری نەمسا بەپێی تاوانەکانیان سزایان دەدات. هەروەها هۆشیاری دایە تورکیا و گوتی ئەم جۆرە کارانە چاوپۆشیان لێناکرێت.

وەزیری ناوخۆی نەمسا باسیشی لەوە کرد لە نێوان ساڵەکانی 2018 بۆ 2020 دا زیاتر لە 30 هاوڵاتی نەمسایی لە تورکیا دەستگیرکراون کاتێک چووبوون بۆ ئەو وڵاتە، هەروەها وتیشی بەڵگە هەن هەواڵگری تورکیا هەوڵیداوە وەکو سیخوڕ بەکارییان بهێنێت.

نیهامەر وتیشی " سیخوڕی تورکیا هیچ جێگەیەکی نابێتەوە لە نەمسا. تورکیا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئازادی و مافە سەرەکییەکان لە نەمسا نابێت. بە توندی دژی ئەوە دەجەنگین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG