Accessibility links

ڕاوێژکاری نەمسا گفتوگۆیەکی " کراوە و قورسی " لەگەڵ پوتندا ئەنجامداوە


ڕاوێژکاری نەمسا کاڕڵ نیهایمەر
ڕاوێژکاری نەمسا کاڕڵ نیهایمەر

ڕاوێژکاری نەمسا کاڕڵ نیهامەر لە مۆسکۆ گفتوگۆیەکی " زۆر ڕاستەوخۆ و کراوە و قورسی " لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا ئەنجامداوە، ئەمەش یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان ڕابەری وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپایە لەگەڵ پوتندا دوابەدوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

نەمسای بێلایەن کە لە سەدا 80 ی گازەکەی لە ڕووسیاوە بۆ دێت، بە گشتی زیاتر پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ڕووسیادا پاراستووە وەکو لە زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام لەمدواییانەدا بەوشێوەیە نەبووە.

نیهامەر هاوسۆزی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە و سەرکۆنەی کارەکانی مۆسکۆی کردووە لە ئۆکرانیا کە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بە تاوانی جەنگ ناوی دەبەن، هاوکات حکومەتەکەی چووە پاڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاوە لە دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسییەکاندا، ئەمەش لەکاتێکدا ڕووسیا بوونێکی کەمی دیبلۆماسی هەیە لەو وڵاتەدا.

ئۆفیسی ڕاوێژکاری نەمسا لە بەیاننامەیەکدا لە زاری نیهامەرەوە بڵاویکردەوە " ئەمە سەردانێکی دۆستانە نیە." وتەبێژەکەی نیهایمەر وتی کۆبوونەوەکە 75 خولەکی خایاندووە.

نیهامەر لێدوانەکانی پێشووی دووبارە کردەوە و وتی هیوای خواستووە یارمەتیدەر بێت لە کۆتایی هێنان بە ململانێکانی ناو ئۆکرانیا و کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا. بەڵام باسی لە وردەکارییەکانی وەڵامدانەوەکەی پوتن نەکرد.

نیهامەر لە بەیاننامەیەکدا وتی " گفتوگۆکە لەگەڵ سەرۆک پوتندا زۆر ڕاستەوخۆ و کراوە و قورس بوو."

جێی ئاماژەیە نیهامەر ڕۆژی شەممە سەردانی ئۆکرانیای کرد وەکو دەرخستنی پشتیوانییەک بۆ کیێڤ. وتیشی هەستیکردووە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتن ئەرکی خۆی بووە تاوەکو دڵنیا بێتەوە لەوەی " هەموو هەوڵێکی داوە " بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکان یاخود باشکردنی ڕەوشی مرۆیی هاوڵاتیانی ئۆکرانیا.

وتی " گرنگترین پەیامم بۆ پوتن ئەوە بوو کە ئەم جەنگە دەبێت لە کۆتاییدا تەواو ببێت، چونکە لە جەنگدا هەردوولا دەدۆڕێن."

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە نیهامەر وتی گرنگە ڕاستەوخۆ بە پوتن بڵێیت کە بۆچوونی وڵاتانی دیکە لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەودا ناگونجێن و جەنگەکە تاوەکو درێژە بکێشێت سزاکانی سەر ڕووسیا توندتر دەبن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG