سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا سکۆت مۆریسن وتی وڵاتەکە دەچێتە پاڵ ئەمەریکا لە بایکۆتکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین لە ڕووی دیبلۆماتییەوە، هاوکات هاوپەیمانەکانی دیکەش ڕێوشوێنی هاوشێوەیان گرتۆتەبەر وەکو ناڕەزاییەک سەبارەت بە تۆماری چین لە مافەکانی مرۆڤدا.
لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا ڕایانگەیاند ئەمەریکا لەڕووی دیبلۆماتیەوە بایکۆتی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین دەکات، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن چینەوە.
چین دەڵێت ئەمەریکا " باجی " بڕیارەکەی دەدات و هۆشداریدا لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێن لە وەڵامی ئەو بڕیارەدا، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا.
سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا سکۆت مۆریسن وتی بڕیارەکەی ڕۆژی چوارشەممە لەبەر ئەوەیە کە ئوستڕاڵیا کۆشش دەکات بۆ دووبارە کردنەوەی کەناڵە دیبلۆماتیەکان لەگەڵ چیندا تاوەکو گفتوگۆ لەسەر هەواڵی پشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بکات لە هەرێمی شینگیانگ لەلایەن چینەوە، هەروەها بەهۆی ڕێوشوێنەکانی چینیشەوە بووە دژی کەلوپەلە هەناردەکراوەکانی ئوستڕاڵیا.
مۆریسن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوە جێی سەرسوڕمان نیە کە بەرپرسانی ئوستڕاڵیا نەچن بۆ چین و بەشداری لەو یارییانەدا نەکەن." ئاماژەشی بەوەدا وەرزشەوانانی ئوستڕاڵیا بەشداریی یارییەکان دەکەن.
هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمەریکا تا ڕادەیەک خاون لە بڕیاردارن بۆ بایکۆتکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین.
ڕۆژنامەی تێلیگراف ئاماژەی بەوەدا بەڕیتانیا تاوتوێی ئەوە دەکات ژمارەیەکی دیاریکراو لە بەرپرسانی حکومەت ڕەوانەی پایتەختی پەکین بکات.
ڕۆژنامەی سانکێی شیمبون وتی ژاپۆنیش بە هەمان شێوە تاوتوێی ئەوە دەکات بەرپرسانی حکومەتەکەی ڕەوانەی یارییەکان نەکات.
بەرپرسێکی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور وتی لە ئێستادا وڵاتەکە بیر لە بایکۆتکردنی یارییەکان ناکاتەوە لەڕووی دیبلۆماتیەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز