Accessibility links

لە هێرشێکدا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە سربیا، پۆلیسێک بریندار دەبێت و هێرشبەرەکەش دەکوژرێت


پیاوێک کە تیرێکی گرتووەتە ئەفسەرێکی پۆلیسی پاسەوانی باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە بێلگرادی سڕبیا بە فیشەک دەکوژرێت، وەزیری ناوخۆی سڕبیا ئیڤیکا داچیکیش وتی هێرشەکە هێرشێکی تیرۆریستی بووە دژی سڕبیا.

دەزگای هەواڵی تانجوکی سڕبیا لە زاری داچیکەوە بڵاویکردەوە ئەفسەرەکە لە دۆخێکی مەترسیداردایە و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیلیش وتی هیچ کارمەندێکی باڵیۆزخانەکە زیانییان پێنەگەیشتووە.

داچیک وتی تیرەکە لە ملی ئەفسەرەکەی پۆلیسی داوە و لەو کاتەدا ئەفسەرەکە تەقەی لە هێرشبەرەکە کردووە و کوشتوویەتی.

وتی " ئەمە هێرشێکی تیرۆریستییە دژی سڕبیا."

وتیشی باوەڕوایە چەندین کەس پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە هەبووبێت و هەموویان دەستگیرکراون.

داچیک وتی " هەندێک ئاماژە هەن لەسەر ئەوەی کە ئەوانەی دەستگیرکراون لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە ناسراون و ئێمە باس لە ڕێکخراوی وەهابی دەکەین، بەڵام ئەوە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ قوتابخانەیەکی توندی ئیسلام.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل وتی " هەوڵێکی هێرشی تیرۆریستی هەبووە لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە بێلگراد."

وتی " باڵیۆزخانەکە داخراوە و هیچ کارمەندێکی باڵیۆزخانەکە بریندار نەبوون. لێکۆڵینەوە لە هەلومەرجی ڕووداوەکە دەکرێت."

دامەزراوە ئیسڕائیلییەکان لە سەرانسەری جیهاندا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هێرشەکان و خۆپیشاندانەکان، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بە مەبەستی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماس، دوای ئەوەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بووە هۆکار بۆ هەڵگیرسانی جەنگەکەی ناو غەززە.

داچیک وتی ئەفسەرەکەی پۆلیس لە شوێنی پاسەوانییەکەی خۆیدا بووە و هێرشبەرەکە چەندین جار لێی نزیک بووەتەوە و لێی پرسیوە مۆزەخانەکە لە کوێیە. هێرشبەرەکە جانتایەکی پێبووە و تیروکەوانەکەی دەرهێناوە و تیرێکی لە پاسەوانەکە داوە.

لە ساڵی 2009 دا، دادگایەکی سڕبیا سزای زیندانیکردنی بەسەر چوار موسوڵمانی شوێنکەوتووی وەهابی سوننەدا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ هێرشکردنە سەر یاریگایەکی تۆپی پێ لە شاری نۆڤی پازاری باشوور، نۆڤی پازار پایتەختی هەرێمی ساندزاکی سڕبیایە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسوڵمانن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG