Accessibility links

لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ئێران دوو ئەفسەر کوژراون


دەزگای هەواڵی ئێران بڵاویکردەوە بەهۆی هێرشێکی چەند چەکدارێکی نەناسراو و خۆکوژەوە بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دوو ئەفسەری پۆلیس و چوار هێرشبەر کوژراون.

هێرشەکە لە زاهیدانی پایتەختی هەرێمی سیستان - بالوچستان ڕوویداوە، کەناڵی ئێران وتی " سەرجەم چوار تیرۆریستەکە " و دوو ئەفسەری پۆلیس کوژراون. وتەبێژێکی پۆلیس وتی سێ هێرشبەر کوژراون.

لە دوای کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە لە 30 ی مانگی نۆی ساڵی 2022 ەوە، هەفتانە لە زاهیدان خۆپیشاندان بەڕێوەدەچن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانەکان لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەدا کەمبوونەتەوە.

ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی دەڵێت لە هەڵمەتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا هێزەکانی ئاسایش لانیکەم 66 خۆپیشاندەرییان کوشتووە. دوای ئەوە کاربەدەستانی ئێران فەرماندەی پۆلیسی زاهیدان و سەرۆکی بنکەیەکی پۆلیسییان لە زاهیدان لە کارەکانییان دوورخستەوە.

هەرێمی سیستان – بالوچیستان سنووری بە پاکستان و ئەفغانستانەوەیە و یەکێکە لە هەژارترین هەرێمەکانی ئێران و ڕێڕەوێکی سەرەکی بازرگانیکردنە بە دەرمانە هۆشبەرەکانەوە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەندین جار کوشتاری هەبوون لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن کەمینە بالوچەکان کە نزیکەی 2 ملیۆن کەسن، چەندین دەیەیە ڕووبەڕووی جیاکاری و سەرکوتکردن بوونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG