Accessibility links

لە هێرشێکدا بۆ سەر مەزارگەیەکی ئێران 15 کەس کوژران


مەزارگەی شا چراغ
مەزارگەی شا چراغ

بەپێی بەرپرس و سەرچاوەکان ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە چەند چەکدارێک لە ناو مەزارگەیەکی پیرۆزی شیعەکاندا دەستیان بە تەقەکردن کردووە و لانیکەم 15 کەسییان کوشتووە و زیاتر لە 40 کەسی دیکەیان بریندار کردووە.

هێرشەکە لە مەزارگەی شا چراغ ڕوویداوە لە شاری شیراز. دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران هێرشەکەی بە " کردەوەیەکی تیرۆریستی " ناوبرد و وتی دوو گومانلێکراوەکە دەستگیر کراون.

هیچ گروپ و لایەنێک تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕانەگەیاندووە.

وەزیری ناوخۆی ئێران ئەحمەد ڤاهیدی گوتی ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون و ژمارەی قوربانییانیش ڕەنگە زیاتر ببێت. هەروەها لۆمەی خۆپیشاندانەکانی کرد و وتی ڕێگەیان خۆشکردووە لەبەردەم ئەم " کردەوە تیرۆریستییانەدا."

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران دەڵێت سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی گوتوویەتی ئێران وەڵامی هێرشەکەی سەر مەزارگەکە دەداتەوە.

ڕەئیسی گوتی " ئەزموونەکان دەریدەخەن کە دوژمنەکانی ئێران کاتێک شکست دەهێنن لە دابەشکردنی خەڵکە یەکگرتووەکە، لە ڕێی توندوتیژی و تیرۆرەوە تۆڵە دەکەنەوە. بە دڵنیاییەوە ئەم تاوانە بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش وانەیەک فێری ئەوانە دەکەن کە پلانیان بۆ هێرشەکە داناوە و جێبەجێیان کردووە."

هێرشەکە لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بوو کە سەدان خۆپیشاندەر بەرەو گۆڕەکەی ژینا ئەمینی لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران بەڕێکەوتن، ئەوەش بەهۆی تێپەڕبوونی چل ڕۆژ بەسەر مەرگی ژینادا.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیاتر لە 200 کەس لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لە دەستداوە و سەدان کەسیش دەستگیر کراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG