دوای نزیکەی پێنج مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، ئەفغانستان سەرکەوتنی سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە ئەشرەف غەنی ڕاگەیاند لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەم ئەنجامەش لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەو وڵاتەدا.
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەفغانستان لە 28 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچوو، بەڵام پڕۆسەکە گومانی ئەوەی لێکرا ساختەی تیادا کرابێت و هەروەها کۆمەڵێک کێشەی هونەری دیکە هەبوو لە جیاکردنەوەی دەنگەکاندا، ئەمەش سەرەڕای پێشێلکاری و هێرشەکان لەو ماوەیەدا.
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان ڕۆژی سێشەممە سەرکەوتنی ئەشرەفی غەنی ڕاگەیاند و وتی لە سەدا 50.64 ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لەکاتێکدا ڕکابەرەکەی عەبدوڵا عەبدوڵا لە سەدا 39.52 ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
لە سەرەتای مانگی دوانزەدا کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان " ئەنجامە سەرەتاییەکانی " ڕاگەیاند کە تیایدا غەنی سەرکەوتوو بوو، بەڵام عەبدوڵا عەبدوڵای رکابەری ئەنجامەکەی ڕەت کردەوە و وتی ساختەیە و داوای پێداچوونەوەیەکی تەواوی کرد بە دەنگەکاندا، لەلای خۆیەوە غەنی ئەوەی ڕەت کردەوە.
پێش ڕاگەیاندی ئەنجامەکان، ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی عەبدوڵا عەبدوڵا لە تویتەر نوسی " لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان هاتینە دەرەوە. بە بۆچوونی ئێمە هیچ دەزگایەک بە ناوی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بوونی نیە و یاسایی نیە، هەروەها ئەو ئەنجامەشی کە ڕایدەگەیەنێت بۆ ئێمە یاسایی نیە."
دوو دیبلۆماتکاری ڕۆژئاوا لە کابوڵ بە ڕۆیتەرزیان وت ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی زۆر گرنگە.
یەکێک لە دیبلۆماتکارەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " ئێستا کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانە. ڕۆژئاوا زۆر هەوڵیدا و کاتی تەرخان کرد لە پێناو ئەم پڕۆسە دیموکراسیەدا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز