بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی بەرەو قەتەڕ بەڕێدەکەوێت بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەرانی قەتەڕدا، بەڵام لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی تاڵیباندا کۆنابێتەوە کە لە ئێستادا دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئەفغانستان و تاڵیبان لە دەوحەی قەتەڕ بەردەوامن.
مەبەست لە دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئەفغانستان و تاڵیبان کە مانگی ڕابردوو دەستی پێکرد کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانە لە وڵاتەکەدا و هەروەها گەیشتنە بە ڕێکەوتنێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان تاوەکو ئێستا کەم نەبوونەتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی نوێنەرانی ئەفغانستان و تاڵیبان بۆ یەکەمین جار ڕاستەوخۆ لە دانوستاندان.
یاریدەدەرێکی نزیکی ئەشرەف غەنی بە ڕۆیتەرزی وت غەنی و تیمەکەی سەرەتا سەردانی کوەیت دەکەن و دواتر ڕۆژی دووشەممە بەرەو قەتەڕ بەڕێدەکەون.
وتیشی " وابڕیارە کۆبوونەوە بکرێت بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەفغانستان و قەتەڕ و هاریکاری نێوانیان لە بوارە جیاجیاکاندا." ئاماژەشی بەوەدا غەنی چاوی بە نوێنەرانی ئەفغانستانیش دەکەوێت کە دانوستان لەگەڵ تاڵیباندا دەکەن.
دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوا کە چاودێری پڕۆسەی ئاشتی دەکات وتی " بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە غەنی لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا کۆنابێتەوە چونکە توندوتیژییەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە و تاڵیبان بەردەوامە لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز