Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئەرمینیا ڕاستەوخۆ لە فەیسبوکەکەیەوە هەواڵی تووشبوونی بە نەخۆشی کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت


سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا" نیکۆڵ پاشینیان " و خێزانەکەی تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون . هاوکاتی ئەوەی ڕێژەی حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوون بە نەخۆشیـیەکە لە وڵاتەکەیدا زیادیکردوە.

نیکۆڵ پاشینیان لە پەیامێکی ڤیدیۆیی ڕاستەوخۆ کە لە ڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە بڵاویکردەوە، گوتی هاوسەرەکەشی تووشی نەخۆشیـیەکە بووە. ناوبراو گوتیشی هیچ نیشانەیەکی ئاشکرای پەتاکەی نییە بەڵام لە ماڵەوە کارەکانی رادەپەڕێنێت.

سەرۆک وەزیران و هاوسەرەکەی ئانا هاکۆبیانی رۆژنامەوان خاوەنی 4 منداڵن.

ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەرمینیا کە کۆمارێکی پێشوی یەکێتی سۆڤیەت بوو ، دانیشتوانەکەی نزیکەی 3 ملیۆن کەسە هەتا ئێستا 9 هەزار و 492 حالەتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکردوە و 139 کەسیش بە هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

نەخۆشانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆشخانەکانی ئەرمیناییان تەنیوە ، هەفتەی رابردوو بەرپرسانی تەندروستی وڵات گوتیان یەکەکانی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکان بەمزوانە تەنها بۆ ئەو نەخۆشانە دەبن کە شیانی زۆری دەربازبوونیان لە پەتاکە هەیە.

راگەیاندنەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا کە پشکنینی پزیشکی بۆی کراوە و پۆزەتیڤ دەرچووە بە نزیکەی یەک مانگ دوای ئەوە دێت کە ئەرمینیا لە رۆژی 4 ی مانگی پێنجدا رەوشی نائاسایی هەڵگرت واتە ئەو رێنوماییانەی بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە مانگی 3 دا سەپێندران بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا دانی نابەوەی کە حوکمەتەکەی شکستی هێنا لە پیادەکردنی رێکارەکانی دژ بە ڤایرۆسەکە و هەروەها گوتیشی پێشێلکاریەکی بەربڵاوی رێوشوێنەکانی کەرەنتینەکردن کرابوون.

نیکۆڵ پاشینیان بەسەرۆک وەزیرانی وڵات هەڵبژێردرا دوای ئەو نارەزاییە جەماوەرییەی دوو ساڵ لەمەو بەر پێشەوایی کرد دژ بە رابەری دێرین سێرژ سەرکیسیان و پارتەکەی ، پارتی کۆماری . سەرۆک وەزیران نیکۆڵ پاشینیان لەو دەمەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیای گرتوەتە دەست ، ناوبراو رابەرایەتی هەڵمەتێکی بێوچانی دژ بە دەسکەوتی دارایی نایاسایی کردوە هەروەها ریفۆرمی گشتگیری قەزائی وەگەڕ خستووە.

سەرچاوە/ فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG