Accessibility links

ئەرمینیا: لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ ئازەربایجان 49 سەرباز کوژراون


ئەرمینیا دەڵێت لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ ئازەربایجان لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە لانیکەم 49 سەربازی ئەرمینی کوژراون، هاوکات ڕووسیا و ئەمەریکا داوایان لەو دوو وڵاتە کرد دان بەخۆیاندا بگرن.

ماوەی چەند دەیەیەکە ئازەربایجان و ئەرمینیا ململانێیان لە نێواندا هەیە و ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەش مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەی لێکەوتۆتەوە لە ناوچەکەدا.

ئەرمینا وتی چەند شارۆچکەیەکی نزیک ئازەربایجان، جەرموک و گۆریس و کاپان، لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەدا بۆردومان کراون، وتیشی هێزەکانی ئازەربایجان وەڵامی " کارە وروژێنەرە بەرفراوانەکەی " ئازەربایجانییان داوەتەوە.

ئازەربایجان دەڵێت ئەرمینیا هێرشی کردووە.

سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆل پاشینیان ئازەربایجانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر شارۆچکەکانی وڵاتەکە چونکە نەیویستووە گفتوگۆ لەسەر پێگەی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ بکات، ناگۆرنۆ کاراباخ ناوچەیەکە لە ناو خاکی ئازەربایجاندایە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئەرمینین.

بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا، پاشینیان لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە دەڵێت " چڕیی دوژمنکارییەکان کەم بوونەتەوە بەڵام هێرشەکانی ئازەربایجان بۆ یەک دوو شارۆچکە بەردەوامن."

ئازەربایجان کە ئەرمینیای بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەنجامدانی چالاکی هەواڵگری و گواستنەوەی چەکەکان تۆمەتبار کردووە بە درێژایی سنوورەکە، وتی ئەرمینیا هێرشی کردۆتە سەر شوێنی هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان. دەزگای هەواڵی ئازەری ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی سێشەممە دوای ئەوەی ڕێکەوتنێکی ئاگربەست واژۆ کراوە، دەستبەجێ پێشێل کراوە.

ئەمەریکا و ڕووسیا داوایان لە ئازەربایجان و ئەرمینیا کرد دان بەخۆیاندا بگرن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەکو ئەوەی پێشتریش ڕوونمان کردۆتەوە، چارەسەری سەربازیی نابێت بۆ ململانێکان. داوا دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێندرێت."

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی ململانێکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان " دەبێت لەڕێی ئامڕازە سیاسیی و دیبلۆماتییەکانەوە چارەسەر بکرێن."

لە چوارچێوەی کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا لە ساڵی 2020 دا کە شەش هەفتەی خایاند، ڕووسیا هەزاران هێزی ئاشتی پارێزی ڕەوانەی ناوچەکە کرد و بنکەیەکی سەربازیی لە ئەرمینیا هەیە. لە کۆتایی شەڕەکەدا ئازەربایجان کۆمەڵێک ناوچەی لە ناگۆرنۆ کاراباخ و دەوروبەری کۆنتڕۆڵ کرد.

بەیانی ڕۆژی سێشەممە وەزیرانی بەرگری ئەرمینیا و ڕووسیا قسەیان کرد و ڕێکەوتن لەسەر هەنگاونان بۆ جێگیرکردنی ڕەوشی سەر سنوورەکە. وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان جیهون بایرامۆڤدا قسەی کرد و داوای لە ئەرمینیا کرد " کارە وروژێنەرەکانی ڕابگرێت." تورکیا هاوپەیمانێکی نزیکی ئازەربایجانە.


سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا چاڕڵز میشێل داوای لە سەرۆک وەزیری ئەرمینیا کرد خۆی بە دووربگرێت لە زیادبوونی گرژییەکان. مانگی ڕابردوو میشێل لە بڕۆکسل لەگەڵ پاشینیاندا کۆبۆوە و تاوتوێی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانیان کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG