دەزگای خزمەتگوزاری فریاکەوتنی نیشتیمانی ئیسڕائیل وتی چەکدارێکی عەرەب لانی کەم پێنج کەسی لە تەل ئەڤیڤ کوشتووە، بەڵام دواتر بە فیشەک کوژراوەتەوە. ئەمەش لەم هەفتەیەدا سێیەمین هێرشی لەو جۆرەیە لە ئیسڕائیل.
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت وتی " ئیسڕائیل ڕووبەڕووی شەپۆلێکی هێرشی عەرەبە تیرۆریستە بکوژەکان بووەتەوە. "
لە هەفتەی ڕابردووەوە 11 کەس لەلایەن چەکدارە عەرەبەکانەوە لە ئیسڕائیل کوژراون.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە کەناڵەکانی ئیسڕائیل بڵاوییان کردەوە پیاوێک دەردەکەوێت بە جلی ڕەشەوە چەکێکی بەدەستەوەیە و بەسەر شەقامێکی بنی براکی تەل ئەڤیڤدا ئیسڕائیلدا دەڕوات.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل لە زاری بەرپرسانی ئاسایشەوە بڵاوییان کرەوە هێرشبەرەکە فەڵەستینیەک بووە کە خەڵکی گوندێکی نزیک شاری جینین بووە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا.
لە بنی براک شایەتحاڵان دەڵێن چەکدارەکە دەستیکردووە بە تەقەکردن لە باڵکۆنەکانی نهۆمی بینایەکی نیشتەجێبوون و دواتر تەقەی لە خەڵکەکەی سەر شەقامەکە کردووە.
خزمەتگوزاری فریاکەوتنی خێرای دەیڤد ئادۆم وتی چەکدارەکە پێنج کەسی کوشتووە.
وتەبێژی دەیڤ ئادۆم زاکی هیڵەر وتی " تیرۆریستەکە کوژراوەتەوە." پۆلیس وتی ئەفسەرانی پۆلیس بە فیشەک کوشتوویانەتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی ڕانەگەیاندووە.
بەرپرسانی ئیسڕائیل هۆشدارییانداوە لەسەر زیادبوونی هێرشەکان لەمیانەی مانگی ڕەمەزاندا، کە پێشتر لەو مانگەدا توندوتیژییەکان دژی ئیسڕائیل زیادییان کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز