Accessibility links

ئاپڵ بینایەکی 23,200 مەتر چوارگۆشەیی لە تێکساس دروست دەکات


کۆمپانیای ئاپڵی ئەمەریکایی ڕایگەیاند پلانی هەیە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا نزیکەی 20,000 هەلی کار دروست بکات و 500 ملیار دۆلار بخاتە وەبەرهێنانەوە.

ئاپڵ دەڵێت تیم و ناوەندەکانی لە نۆ ویلایەت لە سەرانسەری ئەمەریکادا فراوانتر دەکات و دەیەوێت ناوەندێکی بەرهەمهێنانی 23,200 مەتر چوارگۆشەیی لە ساڵی 2026 دا لە تیکساس دروست بکات.

ڕاگەیاندنەکە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە بەڕێوبەری ئاپڵ تیم کووک لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا کۆبووەوە.

کووک وتی " ئێمە گەشبینین سەبارەت بە داهاتووی داهێنانی ئەمەریکا و شانازی دەکەین بە زیادکردنی وەبەرهێنانی درێژخایەنمان لە ئەمەریکا بەم 500 ملیار دۆلارە لە پێناو داهاتووی وڵاتەکەماندا."

وتیشی " لە دوو هێندەکردنی خەرجی بەرهەمهێنانی پێشکەوتوومانەوە بۆ بونیادنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لە تێکساسدا، ئێمە زۆر دڵخۆشین بە فراوانکردنی پشتیوانیمان بۆ بەرهەمهێنانی ئەمەریکایی. بەردەوامیش دەبین لە کارکردن لەگەڵ کەس و کۆمپانیاکان لە سەرانسەری ئەم وڵاتەدا بۆ یارمەتیدان لە نوسینەوەی پەڕەیەکی سەرسوڕهێنەر لە مێژووی داهێنانی ئەمەریکادا."

سەرۆک ترامپ سوپاسی کووک و ئاپڵی کرد لەسەر وەبەرهێنانەکە و وتی " ئاپڵ وەبەرهێنانێکی پێوانەیی بە بڕی 500 ملیار دۆلار لە ئەمەریکا ڕاگەیاند. هۆکارەکە ئەوەیە کە باوەڕییان بەوەیە کە ئیمە دەیکەین، بەبێ ئەوە ئەوان تەنانەت 10 سەنتیش ناخەنە وەبەرهێنانەوە."

زۆربەی بەرهەمەکانی ئاپڵ لە ئێستادا لە دەرەوە کۆدەکرێنەوە و بەرهەم دەهێندرێن، زۆرێک لەو بەرهەمانە لە چین کۆدەکرێنەوە، ئەو باجی لە سەدا 10 ی گومرگەش دەیانگرێتەوە کە پێشتر لەم مانگەدا سەرۆک ترامپ سەپاندنی بەسەر هەموو ئەو شتومەکانەدا کە لە چینەوە هاوردەی ئەمەریکا دەکرێن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG