Accessibility links

ئاپـێکی مۆبایل بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی مێشوولەی مەترسیدار


ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکاری خوێندنی باڵا لە زانکۆی ستانفۆرد لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ئاپـێکی مۆبایلیان دروستکردووە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ئەو مێشوولانەی نەخۆشی کوشندە بۆ مرۆڤ دەگوێزنەوە.

مانۆ براکاش، یاریدەدەری پـرۆفیسۆر لە زانکۆی ستانفۆرد کە یەکێکە لەوانەی چەند ساڵێکە توێژینەوە لەم بارەیەوە دەکات، دەڵێت ئەوەی زانراوە لە جیهاندا نزیکەی 3500 جۆری مێشوولە هەن، بەڵام نزیکەی 40 جۆریان جێی مەترسین بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و نەخۆشی دەگوێزنەوە. دەشڵێت هەریەک لەم مێشوولانە دەنگی گیزەیان جیاوازە، بۆیە دەکرێت لەم ڕێگەیەوە بناسرێنەوە و دەزگاکانی تەندروستی لە شوێنیان ئاگاداربکرێنەوە هەتا ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر.

بۆ ئەم مەبەستەش ئاپـێکیان دروستکردووە بە ناوی Abuzz ، دەڵێن لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو هەموو کەسێک دەتوانێت بە خۆڕایی لە مۆبایلەکەی دایبەزێنێت.

چۆنیەتی کارکردنی ئاپەکە

مانۆ براکاش دەڵێت کاتێک لە شوێنێک مێشوولە دەبینیت، تەنیا لە مۆبایلەکەت ئاپەکە دەکەیتەوە و بە لایەنی کەم بۆ چرکەیەک یان دوو چرکە دەنگی گیزەکەی تۆماردەکەیت. ئاپەکە بەوە دەتوانێت ئاگاداریان بکاتەوە لەوەی مەزەندە دەکرێت مێشوولەکە چ جۆرێکە و لە چ شوێنێکە.

ئەگەربێت و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا ئاپەکە بەکاربهێنن، ئەوا زاناکان و دەزگا تەندروستیـیەکان دەتوانن شوێنی ئەو مێشوولانە بزانن.

مانۆ براکاش و هاوکارەکانی لە ساڵی 2017 ڤیدیۆیەکیان لە بارەی پـرۆژەکەیان بڵاوکردەوە و تیایدا باس لە گرنگی بیرۆکەکەیان دەکەن.

XS
SM
MD
LG