Accessibility links

بلینکن داوا لە ئەفریقا دەکات بە ئاگا بن لە چین


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە ئەفریقا کرد بە ئاگا بن لە زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین و بەڵێنیدا ئەمەریکا زیاتر پابەندی ئەو کیشوەرە بێت.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەڕێی ڤیدیۆوە گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی نایجیریا محەمەد بوخاری و سەرۆکی کینیا ئۆهۆرۆ کینیاتادا کرد.

هەروەها هەر لەڕێی ڤیدیۆوە چاوی بە کۆمەڵێک شوێن کەوت، لەوانەش نەخۆشخانەیەکی مەیدانی و کۆمەڵێک دامەزراوەی وزەی نوێکراوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

هەروەها سەبارەت بەو گەنجە بیانیانەش کە لە ئەمەریکا خوێندوویانە، بلینکن وتی هیوادارە وڵاتانی ئەفریقا " بە ئاگایەکی زۆرەوە " پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا ببەستن.

وتیشی " داوای ئەوە ناکەین لەنێوان ئەمەریکا و چیندا هەڵبژاردن بکەن بەڵام هانتان دەدەم ئەو پرسیارانە بکەن کە بێزارکەرن و داوای شەفافیەت بکەن و بەشێوەیەک بڕیار بدەن کە باشترین بێت بۆ خۆتان و وڵاتەکانتان."

وتی " پرسیار بکەن: کاتێک وڵاتانی دیکە دێن تاوەکو پڕۆژەیەکی گەورەی ژێرخانی ئابووری بونیاد بنێن، ئایا بۆ کاری خۆیان دێن یاخود هەلی کار بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە دەڕەخسێنن کە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن؟"

بلینکن نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەسەر ئەوەی هەندێک وڵات لە ئێستا قەزرێکی زۆری چینیان لەسەرە، لە ئێستادا زامبیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەفریقا کە قەرزێکی زۆری لەسەرە و بەهۆی قەیرانی تەندروستیەوە دواکەوتووە لە دانەوەی قەرزەکانی.

ئەوەشی خستەڕوو " متمانەمان بە ئەفریقا هەیە و متمانەمان بە توانا مەزنەکانی هەیە." وتی " سەرکەوتنتان سەرکەوتنمانە و دەمانەوێت وەبەرهێنانی تێدا بکەین، بەڵام بەشێوە ڕاستەکە."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی داوە لەگەڵ ئەفریقادا، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپە کە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سەردانی ئەفریقای نەکرد.

لەمیانەی گفتوگۆکاندا لەگەڵ بلینکن، سەرۆکی نایجیریا سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکای کرد بۆ لابردنی ئەو کوتوبەندانەی خرابوونە سەر پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی نایجیریا تاوەکو سەردانی ئەمەریکا بکەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG