Accessibility links

وردەکاری مامەڵەی دادگا لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەی هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا


دروست ساڵێک لەمەوبەر، رۆژی 6ی یەکی 2021، سەدان لایەنگری سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە واشنتنی پایتەخت. لە ئەنجامدا، 5کەس کوژران و دەیان کەس برینداربوون.

ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا ناسراوە بە FBI و دەزگاکانی پۆلیس دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباران کە لە سەراپای ئەمەریکاوە هاتبوون بۆ وەستانەوە دژی بردنەوەی هەڵبژاردن لەلایەن کاندیدی دیموکراتەکان جۆو بایدنەوە.

چاودێران دەڵێن خۆپیشاندەران بڕوایان بە تۆمەتە بێ بنەماکانی ترامپ کردبوو کە بایدن بە ساختەکاری هەڵبژاردنەکەی بردۆتەوە و دەیانەویست ڕێگە نەدەن بە کۆنگرێس دەنگ بدات بە فەرمی بایدن بکاتە سەرۆک.

دەنگی ئەمەریکا وردەکاری ئەو سزایانەتان بۆ ڕووندەکاتەوە کە دادگای ئەمەریکا هەتا ئێستا سەپاندویەتی.

دەستگیرکراوەکان و تۆمەتەکان

هەفتەی ڕابردوو، لێکۆڵەرانی فیدراڵی لە واشنتنی پایتەخت ڕایانگەیاندلە پەیوەندی بە هێرشەکەی 6 ی مانگی یەکی 2021 بۆ سەر کۆنگرێس 725 کەسیان بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکردووە و هەندێکیان بە زیاتر لە یەک تۆمەت تاوانبارن.

دۆگلاس جێنسن، یەکێکە لەوانەی پۆلیس دەڵێت لە نێو ئەو کەسانەدا بووە کە هێرشیان کردبووە سەر کۆنگرێس. ناوبراو لە ویلایەتی ئایاوا دەستگیرکراوە
دۆگلاس جێنسن، یەکێکە لەوانەی پۆلیس دەڵێت لە نێو ئەو کەسانەدا بووە کە هێرشیان کردبووە سەر کۆنگرێس. ناوبراو لە ویلایەتی ئایاوا دەستگیرکراوە

لەوانەی دەستگیرکراون، 225 کەسیان تۆمەتبارن بە هێرشکردن یاخود ڕێگریکردن لە دەستگیرکردن لەلایەن پۆلیسەوە.

زیاتر لە 75 کەس تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی چەکی کوشندە و مەترسیدار دژی هێزەکانی پۆلیس.

نزیکەی 640 کەس تۆمەتبارن بە چوونە ناو باڵەخانەیەکی فیدراڵییەوە بە بێ ئەوەی مۆڵەتی چوونە ژوورەوەیان هەبێت.

تاوانبارەکان

ئۆفیسی داواکاری گشتی لە واشنتن دەڵێت 165 کەس دانیان بە تاوانی جۆراوجۆردا ناوە. لانی کەم 70 کەس لەلایەن دادگاوە سزادراون. 30 کەس فەرمانی زیندانکردنیان بۆ دەرکراوە. 18 کەس لە ماڵدا دەستبەسەر دەکرێن. 21 کەس بە مەرج ئازادکراون. هێشتا دەیان کەس ماوە کەیسەکانیان یەکلایی بکرێتەوە و هەندێک لەوانە چاوەڕێدەکرێت سزای قورستریان بەسەردا بسەپێنرێت.

دادوەرەکان چی دەڵێن؟

دادوەر رۆیس لامبێرس لە واشنتن گوتی پەلاماردەرانی کۆنگرێس "حکومەتیان ئەو ڕۆژە بە توندی لەکارخست. "

مادەی یەکی دەستوری ئەمەریکا ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی دابینکردووە. بەڵام دادوەر بێریڵ هاوڵ، سەرۆکی دادوەرانی واشنتنی پایتەخت، گوتی "خۆپیشاندەران کە ڕۆژی 6 ی یەک هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس تەنیا سنووربەزێن نەبوون کە ڕەفتاریان لە سنووری مادەی یەکدا ئەنجام دابێت یاخود ناڕەزایەتیـیان دەربڕیبێت... هەر یەک لە بەشداربووان ڕۆڵی لەو توندوتیژییەدا هەبوو."

ڕەخنەگران چی دەڵێن؟

هەندێک ڕەخنەیان گرتووە کە سزای سووک سەپێنراوە بەسەر ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کۆنگرێسدا و لە کاتێکدا هەندێک کەس هیچ سزایەکیان بۆ دەرنەچووە. کاتەرین ڕامپێڵ ئەم هەفتەیە گوتارێکی بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بەم ناونیشانە نووسی: "کاتێک سەکردەکانی تۆڕەکە سزا نادرێنن، دیموکراسییەکەمان باجەکەی دەدات."

لە گوتارەکەدا، ڕامپێڵ دەنووسێت، "دروست ساڵێک دوای هەوڵی کودەتاکەی 6 ی مانگی یەک، پلە بەرزترین کەسەکان هێشتا ڕووبەڕووی یاسا نەکراونەتەوە. هەندێک خۆپیشاندەری ئاسایی تۆمەتبارکراون و سزادراون، بەڵام زۆربەیان یان ناخرێنە زیندان، یان ماوەی زیندانیکردنیان کەمە. بەڵام ئەوەش هێشتا زیاترە لەوەی سەپێندراوە بەسەر سەرکردەکانی تۆڕەکە، کە تیایاندا سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ و یاریدەدەرانی کۆشکی سپی و ڕاوێژکارەکانی دەرەوە هەن کە هاوئاهەنگ بوون لە هەوڵەکەیاندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ویستی دەنگدەران و ئەو 147 ئەندام کۆنگرێسەی کۆمارییەکان کە دژی پـشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەنگیان دا."

لە ئەمەریکا جۆرێک لە نەریت هەیە کە سەرۆک دوای جێهێشتنی پۆستەکەی دادگایی نەکرێت، ئەمەش پسپۆڕان دەڵێن بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە، یەکەم: ڕێزلێنانە لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی. دووەم، بۆ ئەوەی سەرۆکەکانی داهاتوو نەترسن لە پـێدانی بڕیارێک کە پێیانوایە لە بەرژەوەندی نیشتمانی وڵاتەکەدایە.

خۆپیشاندەرێک بە ناوی جێنیفەر لەی ڕایان کە خەڵکی تەکساسە دوای ئەوەی دادگا سزای نەدا لە سۆشیاڵ میدیادا بە شانازییەوە بڵاویکردەوە کە ناخرێتە زیندان، چونکە سپی پێست و قژ زەردە. دوای ئەم کارەی، دادوەری بڕیاری 2 مانگی زیندانیکردنی بۆ بڕیەوە.

لە بەردەم دادوەر کریستۆفەر کووپەردا، جێنیفەر داوای لێبوردنی گرت و گوتی پەشیمانە لە کردارەکانی. بەڵام دادوەر گوتی، "ڕەفتارەکانت لە دوای 6 ی یەکەوە وەهام لێدەکات گومان لەو شتانە بکەم."

XS
SM
MD
LG