هێڵی ئاسمانی ئالاسکا درەنگانێکی ڕۆژی هەینی سەرجەم گەشتی فڕۆکەکانی جۆری بۆینگ 737-9 ی ڕاگرت، ئەوەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی جامێکی فڕۆکەکە و پارچەیەکی لاشەی فڕۆکەیەکی لەو جۆرە لە ئاسماندا تەقینەوە و فڕۆکەکە ناچار بوو بەپەلە لە پۆرتلاندی ئۆریگنی ئەمەریکا بنیشێتەوە. هیچ کەسێک لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بە سەختی بریندار نەبوون.
ڕووداوەکە بە ماوەیەکی کورت دوای هەستانی فڕۆکەکە ڕوویداوە و ئەو کونەی دروست بووە بووەتە هۆی دابەزینی پەستانی ناو کابینەی فڕۆکەکە. داتاکانی گەشتەکان دەریانخستووە کە فڕۆکەکە پێش گەڕانەوەی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پۆرتلاند بۆ بەرزیی 4,876 مەتر بەرز بووەتەوە. هێڵەکە وتی فڕۆکەکە بە پارێزراویی بە سەرجەم 174 سەرنشینەکەی و شەش لە کارمەندەکانییەوە نیشتووەتەوە.
بەڕێوبەری هێڵی ئاسمانی ئالاسکا بێن مینیکوچی لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوابەدوای ڕووداوەکەی ئەمشەو لەسەر گەشتی 1282، بڕیارمانداوە هەنگاوێکی خۆپارێزی بگرینەبەر و بۆ ماوەیەکی کاتی گەشتی سەرجەم 65 فڕۆکەکەی جۆری بۆینگ 737-9 ڕادەگرین. دڵم لەلای ئەو کەسانەیە کە لەسەر ئەم گەشتە بوون. من زۆر داوای لێبووردن دەکەن لەسەر ئەوەی ڕووبەڕووی بوونەوە."
سەرجەم فڕۆکەکان دوای ئەوەی بە تەواوەتی کارییان تێدەکرێت و پشکنینی پارێزراوییان بۆ دەکرێت، دەگەڕێنەوە سەر کارکردن، مینیکوچی وتی لە چەند ڕۆژێکدا ئەو کارانە تەواو دەبن.
وتی " لەگەڵ بۆینگ و ڕێکخەراندا کاردەکەین بۆ ئەوەی تێبگەین ئەمشەو چی ڕوویدا، کاتێک زانیاری زیاترمان لەبەردەستدا بوو پێتان ڕادەگەیەنین."
هێڵە ئاسمانییەکە هیچ زانیارییەکی نەدا لەسەر برینداربووەکان. بەڵام کەی پی تی ڤی وتی بەپێی بەندەری پۆرتلاند، بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە وەڵامی داوەتەوە و هەر لەوێدا چارەسەری بۆ هەندێک کردووە کە سوتانێکی کەمییان هەبووە. کەسێکی دیکە گواستراوەتەوە تاوەکو چارەسەرێکی زیاتری بۆ بکرێت، بەڵام بە سەختی بریندار نەبووە.
بەپێی داتاکانی چاودێریکردنی فڕۆکەکان لە ماڵپەڕی فڵایتئەوێر، فڕۆکەکە دوای شەش خولەک لە بەرزبوونەوەی لە کاتژمێر 5:07 خولەکی ئێوارەدا لە ئاڕاستەکەی خۆی لایداوە و کاتژمێر 7:26 خولەکی ئێوارە نیشتووەتەوە. فڕۆکەوانەکە بە کارمەندەکانی کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆی ئاسمانی فڕۆکەخانەی پۆرتلاندی وتووە فڕۆکەکە توشی ڕووداوێک بووە و پەستانی دابەزیوە و پێویستییەتی بگەڕێتەوە بۆ فڕۆکەخانەکە.
سەرچاوە/ AP