Accessibility links

بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە تیگرای 17 هاوڵاتی مەدەنی کوژران


ڕزگاربووانی هێرشە ئاسمانییەکەی حکومەتی ئیسیوپیا بۆ سەر هەرێمی تیگرای، نەخۆشخانەی گشتی شایەر شول لە شارۆچکەی دێدیبیت، باکووری ڕۆژئاوای تیگرای
ڕزگاربووانی هێرشە ئاسمانییەکەی حکومەتی ئیسیوپیا بۆ سەر هەرێمی تیگرای، نەخۆشخانەی گشتی شایەر شول لە شارۆچکەی دێدیبیت، باکووری ڕۆژئاوای تیگرای

کارمەندانی یارمەتیە مرۆییەکان دەڵێن بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیەوە بۆ سەر هەرێمی تیگرای باکووری ئیسیوپیا 17 هاوڵاتی مەدەنی کوژران، زۆرینەیان ئافرەت بوون. ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

هێرشەکەی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە لە نزیک مای تسێبری لە باکووری ڕۆژئاوای هەرێمی تیگرای، لە هەمان ڕۆژدا بوو کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسیوپیا ئابی ئەحمەددا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەو وڵاتەدا.

سەرچاوەیەک کە ڕاپۆرتەکەی بینیوە بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت بەڕێوبەرایەتیەکی ناوخۆی تیگرای لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە زۆربەی ئەوانەی لە هێرشەکەدا کوژراون ئافرەت بوون.

هەریەک لە وەزیری ڕاگەیاندنی حکومەتی ئیسیوپیا لێگیس تولو و وەزیری دەوڵەت بۆ ڕاگەیاندن کیبیدی دێسیس لێدوانیان لەسەر هێرشەکە نەداوە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە حکومەتی ئیسیوپیا و هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای کرد کۆتایی بە ململانێکانی نێوانیان بهێنن و دەست بکەن بە گفتوگۆیەکی نیشتیمانی و دەرگای گەیشتنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ تیگرای بکەنەوە.

ئەم هێرشە دووەمین هێرشی کوشندەیە لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا بۆ سەر هەرێمی تیگرای. ڕۆژی هەینی گروپەکانی یارمەتیە مرۆییەکان وتیان بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیەوە بۆ سەر کامپێکی ئاوارەکان لەنزیک شارۆچکەی دێدیبیت لە نزیک سنووری ئیریتریا، زیاتر لە 50 کەس کوژران و 138 کەسی دیکە برینداربوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG