Accessibility links

ئەمەریکا سەرنشینانی چەند هێڵێکی ئاسمانی قەدەغە دەکات ئامێری ئەلیکترۆنی گەورە ببنە نێو فڕۆکەکانەوە


کاربەدەستان لە ئەمەریکا دەڵێن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان بە نیازن ڕێگە بە سەرنشینانی چەند هێڵێکی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا نەدرێت ئامێری ئەلیکترۆنی گەورە لەگەڵ خۆیان بۆ ناو فڕۆکەکان بەرن، ئەمەش لەبەر هەڕەشەی تیرۆرستی.

کاربەدەستەکان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان وتووە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ بەنیازە ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارێک لەم بارەیەوە ڕابگەیەنێت. ئاماژەیان بەوە کردووە ماوەیەکە حکومەتی ئەمەریکا تاووتوێی ئەم پرسە دەکات دوای ئەوەی چەند هەفتەیەک پێشتر بەم هەڕەشەیە زانراوە.

سەرچاوەکان وتویانە نزیکەی 10 کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی بیانی دەگرێتەوە و لە 10 فڕۆکەخانەی هەشت وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا جێبەجێ دەکرێت. لەوانە کۆمپانیاکان لە ئوردن و عەرەبستانی سعودیە.

کاربەدەستەکان وتوشیانە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا ناگرێتەوە و تەنها ڕێگە لە ئامێرە گەورەکان دەگیرێت ببرێنە ناو فڕۆکەکانەوە، لەوانە کۆمپیوتەر و یاریە ئەلیکترۆنیەکان و کامێرا، بەڵام ڕێگە دەدرێت سەرنشینانی فڕۆکەکان تەلەفونی مۆبایل و ئامێرە تەندروستیەکان لەگەڵ خۆیان بەرن. دەڵێن دەکرێت ئامێرە گەورەکان لە نێو جانتاکانیان دابنێن و بە جودا دوای پشکنین بۆیان باردەکرێت.

کەناڵی CNN لە زاری کاربەدەستێکی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە کە وتویەتی قەدەغەکردنەکە پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدە لە دورگەی عەرەبەوە هەیە و هەندێک لەو زانیاریانە لە هێرشەکەی ئەم دواییەی هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکا لە یەمەن بەردەست کەوتوون.

هێڵی ئاسمانی پاشایەتی ئوردن Royal Jordanian ڕایگەیاندووە لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕێگە نادرێت سەرنشینانی فڕۆکەکانیان ئەوانەی بۆ ئەمەریکا و کەنەدا دەچن ئامێرە ئەلیکترۆنیە گەورەکان لەگەڵ خۆیان بەرنە ناو فڕۆکەکانەوە، بەڵام دەتوانن مۆبایل و ئامێرە تەندروستیەکانیان بەرن.

هەروەها لە عەرەبستانی سعودیەش هەمان ڕێنمایی بۆ هێڵە ئاسمانییەکان دەرچوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG