پۆلیس دەڵێت نزیکەی 60 کچی ئەفغانی دوای ئەوەی لە خوێندنگاکەیاندا لە باکووری ئەفغانستان ژەهراویبوون گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ژەهراویبوونەکە کە کچانی خوێندنگایەکی هەرێمی ساری پۆلی ئەفغانستانی گرتۆتەوە، دوای کۆتوبەندێکی توندی تاڵیبان دێت لەسەر خوێندنی کچان لە وڵاتەکەدا، هاوکات دوای شەپۆلێک لە ژەهراویبوونی کچە خوێندکارەکانی ناو خوێندنگاکانی ئێرانی دراوسێی وڵاتەکە دێت. وتەبێژی پۆلیسی ساری پۆل، دین محەمەد نەزاری وتی " چەند کەسێکی نەناسراو چوونەتە ناو خوێندنگاکەی کچەکانەوە لە ناوچەی سانچاراک، پۆلەکانییان ژەهراویکردووە، کاتێک کچەکان هاتوونەتە پۆلەکانییانەوە ژەهراویبوون." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا ئەو ماددەیە چی بووە کە بەکارهاتووە، یاخود ئایا کێ لە پشت ژەهراویکردنەکەوە بووە.
نەزاری وتی کچەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام " دۆخییان باشە." هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە.
لە ئێرانی دراوسێی ئەفغانستان، لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردووە تاوەکو ئێستا نزیکەی 13,000 خوێندکار کە زۆربەیان کچ بوون لە خوێندنگاکانییاندا ژەهراویبوون.
لە ماوەی دەسەڵاتی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستاندا، چەندین ڕووداوی ژەهراویکردن و هێرشی گاز لە خوێندنگاکانی کچاندا ڕوویداوە.
بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان خوێندنی زۆربەی کچە خوێندکارەکانی لە زانکۆ و خوێندنگا ئامادەییەکاندا قەدەغە کردووە، ئەمەش لەلایەن وڵاتانی جیهان و زۆرێک لە ئەفغانییەکانەوە سەرکۆنە کراوە.
بەرپرسانی تاڵیبان خوێندنگا سەرەتاییەکانیان بۆ کچان بە کراوەیی هێشتۆتەوە، تاوەکو تەمەنی 12 ساڵیی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز