سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەی کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت پەیوەندیی هەبێت بە کەسایەتی ئاینی فەتحوڵا گولەنەوە وتی بەرپرسانی هەواڵگری ئەفغانستان مامۆستایەکی ئەفغانی و سێ مامۆستای تورکیان دەستگیرکردووە بەهۆی پەیوەندییانەوە بە ڕێکخراوەکەوە.
ئەم ڕێوشوێنە ڕێکخراوی کاجی فێرکاری ناحکومی کردۆتە ئامانج کە بەڕێوبەرایەتی کۆمەڵێک خوێندنگە دەکات.
ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەوان دامەزراوەیەکی سەربەخۆن و لە کۆمەڵێک شار خوێندنگە دەبەن بەڕێوە لەو شارانەش کابوڵ و مەزاری شەریف و قەندەهار و هوڕاتی تێدایە و لە ساڵی 1995ەوە لە ئەفغانستان کار دەکەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوبەرایەتی ڕێکخراوەکە هومان ئەردۆگان وتی " لە دەوروبەری کاتژمێر حەوتی بەیانی دەزگای هەواڵگری ئەفغانستان چوار لە مامۆستاکانمانی دەستگیرکردووە کە لە دوو ئوتومبێلدا بوون."
وتیشی دواتر بەرپرسانی هەواڵگری چوون بۆ خوێندنگەیەکی کچانی سەر بە ڕێکخراوەکە و بەشوێن مامۆستاکەی تردا گەڕاون.
وتیشی بەرپرسەکان وەکو ئەندامانی دەزگای هەواڵگری خۆیان ناساندووە.
جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدول غەنی ڕۆژی سێشەممە بەرەو ئەستەنبووڵ ڕۆشتووە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی لوتکەی هاریکاری ئیسلامیدا ئامادە بێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز