Accessibility links

ئەفغانستان ڕوو لە چین و وڵاتانی تر دەکات، لە کاتێکدا ئەمەریکا هێشتا بڕیاری لەسەر شێوازی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستاندا نەداوە


خۆپیشاندەرێکی ئەفغانی ژن لەگەڵ ئەندامێکی تاڵیباندا لە مشتومڕدایە، 2 ی 9 ی ساڵی 2021
خۆپیشاندەرێکی ئەفغانی ژن لەگەڵ ئەندامێکی تاڵیباندا لە مشتومڕدایە، 2 ی 9 ی ساڵی 2021

بەرپرسانی کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە گوتیان پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ فەرمانڕەوایانی تاڵیبانی ئەفغانستان چووەتە قۆناغێکی نوێی نادیارەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەوامن لە کارکردن بۆ گواستنەوەی نزیکەی 100 ئەمەریکایی کە هێشتا لەو وڵاتە ماونەتەوە.

هاوکات بەرپرسانی تاڵیبان ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەتە نوێیەکەیان پەیوەندی لەگەڵ چین و وڵاتانی تردا بەهێزدەکات.

گوتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی ڕایگەیاند ئەمەریکا چیتر ئاسمانی ئافغانستان کۆنتڕۆڵ ناکات. ئەو گوتیشی هەتا ئێستا 31 هەزار و 107 کەس هێنراون بۆ ئەمەریکا کە بەشێک بوون لەو 120 هەزار کەسەی کە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی خەڵکی لە مێژووی ئەمەریکادا ئەنجام دراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە گوتەبێژێکی تاڵیبان بە ڕێگای تویتەر ڕایگەیاند گەورە بەرپرسێکی تاڵیبان لەگەڵ کاربەدەستێکی باڵای چیندا کۆبووەتەوە.

سوهەیل شاهین گوتەبێژی زمانی ئینگلیزی تاڵیبان لە تویتەکەیدا دەڵێت " جێگری وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە باڵیۆزخانەکەیان لەکابوڵ دەهێڵنەوە و پەیوەندییەکانمان بەبەراورد بەرابردوو پتەوتر دەبێت."

ئاژانسی دەنگو فەرەنسی دەڵێت هەتا ئێستا بێژینگ ئەم قسانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

کاربەدەستانی تری تاڵیبان لە تۆڕی تویتەر ڕایانگەیاندووە کە کۆبونەوەی دیپلۆماسیی لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا ئەنجام دەدەن. قەتەر و تورکیاش هاوکاری حکومەتی نوێی ئەفغانستان دەکەن بۆ دامەزراندنی فڕۆکەخانەی سەرەکی لە کابوڵ.

جین ساکی گوتی لە ئێستادا ئەمەریکا چاودێری ڕەوشەکە دەکات بۆ پەیوەندی بە حکومەتی نوێی هەڵنەبژێردراوی ئەفغانستانەوە.

ئەو جەختی کردەوەی لەوەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری نالەشکری بەڕێگای دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی جیهانی و هاوکاری دارایی.

ئەو گوتیشی " کەس لە حکومەتی فیدڕاڵی، سەرۆک، وەزیری بەرگری نە دەزگا هەواڵگیرییەکان ناڵێن تاڵیبانەکان ئەکتەری باشن. ئێمە ئەمە ناڵێین. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی کە زۆر بە ڕوونی دەڵێین ئێمە پەلە ناکەین لە بە فەرمی ناساندنیان. ئێمە چاودێری دەکەین."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە نێد پرایس ڕایگەیاند هێزە دیپلۆماسییەکانیش بە وریاییەوە هەنگاو دەنێن بۆ هاوکاری حکومەتی نوێ.

نێد پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە
نێد پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا نێد پرایس گوتی " پێداچوونەوە بەسەر بڕیاری هاوکارییەکانمان بۆ حکومەتی ئەفغانستان دەکرێت." گوتیشی " ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین کە هێشتا حکومەتێکی نوێ پێکنەهاتووە. کەواتە سەرەتا پێویستە حکومەتەکە ببینین کە پێکبێت. ئەمەش تەنها لە ڕووی تەکنیکییەوەیە ، ئەوەی ئێمە بەلامانەوە گرنگە کاتێک لێی دەڕوانین کردەوەکانی حکومەتە نوێیەکەیە."

گوتیشی بە تایبەتی ئەوەی بەلای ئەمەریکاوە زۆر گرنگە ئەمانەن " ڕێڕەوێکی پارێزراو، ڕێزگرتن لە مافی خەڵکی ئەفغانستان لە ناویاندا ژنان و کچان و کەمایەتییەکانیش، حکومەتێک کە گشتگیربێت، حکومەتێک کە پەیوەستبێت بە بەڵێنەکانی بەگژداچوونەوەی تیرۆرسم و حکومەتێک کە ڕێز لە نەریتە نێونەتەوەییە گەردوونیەکان بگرێت."

لە دانانی حکومەتێکی نوێدا، تاڵیبانیش لەنێوخۆدا ڕووبەڕووی بەرەنگاری دەبنەوە، دیارترینیان لەلایەن بەرەی بەرخۆدانی نەتەوەییەوە، بزوتنەوەیەکی یاخیبوونی کە کە بە سەرۆکایەتی کوڕی فەرماندەی موجاهیدینی ناسراو ئەحمەد شا مەسعود سەری هەڵداوە.

کوڕەکەی شا مەسعود کە لە بەریتانیا خوێندنی تەواوکردووە گەڕاوەتەوە ئەفغانستان و لە بابەتێکی بیروڕادا کە لە واشنتن پۆست بڵاوی کردووەتەوە بەڵێن دەدات شەڕ بکات بۆ بەدیهێنانی " کۆمەڵگەیەکی کراوە، کە تیایدا کچان بتوانن ببن بە پزیشک، ڕۆژنامەکانمان بتوانن بە ئازادانە هەواڵ ڕابگەیەنن، گەنجەکانمان بتوانن سەما بکەن و گوێ لە گۆرانی بگرن یان بەشداری یارییەکانی تۆپی پێ بکەن لەو گۆڕپانانەی کە ڕۆژانێک لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ لەسێدارەدانی خەڵکی بەکار دەهاتن__ کە ڕەنگە زوو ڕووبداتەوە."

کاربەدەستانی لەشکری دەڵێن ڕەنگە ئەمەریکا هێشتا لەو ناوچەیە بەردەوامبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرزم هەرچەندە گوتەبێژی پەنتاگۆن جۆن کیربی گوتی " ئەرکی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆتایی پێهاتووە."

ئەو گوتیشی ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە بەردەوام بتوانین هێرشی دژ بە تیرۆرستان ئەنجام بدەین کاتێک " هەڕەشەبن بۆسەر بەرژەوەندییەکانمان و وڵاتەکەمان. ئەمە جیاوازە لەوەی بڵێین ئەرکێکی سەربازی بەردەواممان هەیە لە ئەفغانستان."

XS
SM
MD
LG