Accessibility links

پڕیشکی بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان دەستیپێکردووە


مەسعود ئەحمەد شا مەسعود
مەسعود ئەحمەد شا مەسعود

مەسعود ئەحمەد، ڕێبەری ئۆپزسیۆنی دژە تاڵیبان دەڵێت هیواداربووە وتووێژی ئاشتیانە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە ئیسلامییەدا بکات کە هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیگرت بەسەر کابوڵ، پایتەختی ئەفغانستاندا و دەشڵێت هێزەکانی ئامادەشن بۆ شەڕ.

ئەم ڕێبەرەی ئۆپزسیۆنی تاڵیبان، لە لێدوانە تەلەفونییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت "دەمانەوێت تاڵیبان بزانێت تەنها ڕێگەیەک بۆ بەرەوپێشچوون، دانوستاندنە."

مەسعود، لە ناوچە شاخاویەکانی دۆڵی "پەنجشێر"ەوە لێدوانەکەی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز داوە. ناوچەی پەنجشێر دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای کابوڵ و هەر لەو ناوچەیەش هێزەکانی خۆی کۆکردۆتەوە کە بریتین لە پاشماوەکانی یەکە لەشکرییەکان و هێزی تایبەت و هەروەهاش میلیشیا خۆجێییەکانی ناوچەکە.

مەسعود، کوڕی ئەحمەد شا مەسعودە کە یەکێک بوو لە سەرکردە ئەفغانییەکانی بەرەنگاری یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بووبووەوە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.

مەسعود ئەحمەد شا مەسعود دەڵێت لایەنگرەکانی ئامادەن بۆ شەڕ ئەگەر چەکدارەکانی تاڵیبان هەوڵی داگیرکردنی دۆڵی پەنجشێر بدەن.

مەسعود دەڵێت "نامانەوێت شەڕ بکەوێتەوە، بەڵام هێزەکانمان دەیانەوێت بەرگری بکەن و دەیانەوێت بەرەنگاری هەموو ڕژێمێکی سەرکوتکار ببنەوە."

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە تاڵیبان ڕایگەیاندوە سەدان چەکدار نێردراون بۆ دۆڵی پەنجشێر کە یەکێکە لە ناوچە کەمانەی نەکەوتۆتە ژێردەستی تاڵیبانەوە.

لەوەتای تاڵیبان دەستیگرتووە بەسەر ئەفغانستاندا پڕیشکی بەرەنگاربوونەوە دەستی پێکردووە.

لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز،مەسعود ئەحمەد شا مەسعود، ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەستبەسەرداگرتنی 3 ناوچە لە باکوری پارێزگای باغلان، هاوسنوری پەنجشێر هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانیەوە نییە و میلیشیا خۆجێیەکان ئەو 3 ناوچەیەیان گرتووە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو خوێنڕشتن و دڕندایەتیەی لەو ناوچانەدا تاڵیبان کردوونی.

مەسعود داوای پێکهێنانی حکومەتێکی فرەیی دەکات لە کابوڵ و ئەو حکومەتە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی ئەفغانستان بکات و دەشڵێت پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی داننەنێت بە "ڕژێمێکی سەرکوتکار" دا.

XS
SM
MD
LG