Accessibility links

پەنتاگۆن هۆشداری دەدات تالیبان هەوڵی گۆشەگیرکردنی کابوڵ دەدات


پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە تالیبان دەستیبەسەر ئەسەدئابادی پایتەختی پارێزگای کوناردا گرت کە کۆی پارێزگاکانی ژێر دەستی تالیبانی کردە 20 پارێزگا لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، بەرپرسانی تالیبان و دانیشتوانی ناوچەکە ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

تالیبان لە ڕۆژی هەینی سەرکەوتنی لە پایتەختی پێنج پارێزگای سەرەکی ڕاگەیاند لە ناویاندا دووهەمین و سێهەمین گەورەترین شارەکانی ئەفغانستان قەندەهار لە باشوور و هێرات لە ڕۆژئاوا.

ڕۆژێک پێشتریش ئەو گروپە یاخیبووە توانی شاری غەزنی کۆنترۆڵ بکات کە شارێکی سەرەکییە لەسەر ئەو ڕێگایەی لە قەندەهارەوە بەرەو کابوڵ دەڕوات و تەنها 150 کیلۆمەتر دوورە لە پایتەختی ئەفغانستانەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی دیکە لە واشنتن دروست دەکات لەسەر تێکچوونی باری ئاسایشی ئەو وڵاتە بەو خێراییە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی ڕۆژی هەینی بە پەیامنێرانی گووت " دەبینن تالیبان هەوڵ دەدات کابوڵ گۆشەگیر بکات." ئەو پێشوەچوونەکانی تالیبانی بە"نیگەرانییەکی قوڵ" وەسف کرد.

ئەو گوتیشی "ئەوەی دەیانەوێت بیکەن بە گەیشتن بە گۆشەگیرکردنی، بە بڕوای من تەنها (تالیبان) دەتوانن قسەی لەسەر بکەن، ئەوە پێچەوانەی ئەو شێوازە نییە کە لە شوێنەکانی تری وڵات ئەنجامیان داوە، گۆشەگیرکردنی پایتەختەکانی پارێزگاکان و هەندێ جار دەتوانن ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکەن بەبێ ئەوەی زۆر خوێنبڕژێژرێت."

کاربەدەستێک بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دەستکەوتەکانی تالیبان بووە بەهێزکردنی تواناکانیانی شەڕیان و پێم وابێت بێگومان ئەمە بووە ئاستەنگ بۆ ورەو توانایی هێزەکانی ئەفغانستان."

ئێوارەی هەینی کۆشکی سپی ڕایگەیاند " ئەمڕۆ سەرۆک بایدن لەگەڵ وەزیری دەرەوەبلینکن و وەزیری بەرگری ئۆستن و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جەیک سولیڤان باسی لەهەوڵە بەردەوامەکان کردووە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەربکەن."

بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئایا تالیبان تا چەندێک دەخوازێت بەرەو پایتەخت بڕوات و چەندێک ژیانی ئەو هێزە ئەمەریکاییەی کە بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ کارمەندانی ئەمەریکا و فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی حامید کارزای دەڕۆنە ئەوێ پارێزراو دەبێت.

پنتاگۆن گوتی بەشی یەکەمی ئەو هێزە، لە بەتالیۆنی پیادەی دەریاییەوە، ڕۆژی هەینی گەیشتوە و چاوەڕوان دەکرێت کە باقی سەربازەکان تا کۆتایی ڕۆژی یەکشەممە بگەن.

ئەرکی ئەوان هاوکاریکردنی دەرکردنی ئەمەریکاییەکانە لە باڵیۆزخانەکەیان و ئەو هەزار ئەفغانیانەی کە شیاون بۆ وەرگرتنی ڤیزەی پەنابەرێتی. بەڵام مەترسی لەسەر ژیانی ئەم سەربازانە هەیە.

گوتەبێژی کۆشکی لەم بارەیەوە گوتی " هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانمان لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی گونجاو بە زەبری هێز وەڵام دەدرێتەوە."گوتیشی ئەوان " مافی بەرگری کردن لە خۆیان هەیە."

XS
SM
MD
LG