پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەیان بەوەدا تاڵیبان بەتوندی وەڵامی خۆپیشاندانێکی بچووکی ئافرەتانیان داوەتەوە، فیشەکیان بە ئاسماندا تەقاندووە و بڵاوەیان بە خۆپیشاندەرەکان کردووە.
شەش ئافرەت لەبەردەم خوێندنگایەکی ئامادەییدا لە ڕۆژهەڵاتی کابوڵ گردبوونەوە و داوایان کرد کچان بتوانن بگەڕێنەوە خوێندنگا ناوەندییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی لەم مانگەدا تاڵیبان ڕێگەی نەدا کچان بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن.
ئافرەتەکان لە دروشمەکانیاندا دەیانوت " قەڵەمەکانمان مەشکێنن، کتێبەکانمان مەسوتێنن، خوێندنگاکانمان دامەخەن."
ئافرەتەکان هەوڵیاندەدا بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان، بەڵام چەکدارانی تاڵیبان لە هەوڵی ئەوەدا بوون بڵاوەیان پێبکەن، هاوکاتیش ڕۆژنامەنووسێکی بیانی بە چەک لێیدرا و ڕێگەی پێنەدرا ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکات.
پەیامنێرانی فرانس پرێس دەڵێن چەکدارێکی تاڵیبان تەقەی بە ئاسماندا کردووە تاوەکو بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکات.
خۆپیشاندەران کە سەر بە گروپێک بوون بە ناوی " جوڵانەوەی چالاکەوانانی ئافرەتانی ئەفغانی "خوێندنگاکەیان وەکو پەناگەیەک بەکارهێنا.
چەکدارێکی تاڵیبان بە ناوی مەولەوی نەسرەتوڵا کە سەرپەرشتی گروپە چەکدارەکەی دەکرد و خۆی وەکو سەرکردەی هێزە تایبەتیەکانی کابوڵ ناساند، وتی " خۆپیشاندەران هەماهەنگیان لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشدا نەکردووە سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەیان."
وتی " مافی ئەوەیان هەیە خۆپیشاندان بکەن لە وڵاتەکەماندا وەکو هەموو وڵاتێکی دیکە، بەڵام دەبێت پێشتر بەرپرسانی ئاسایش ئاگادار بکەنەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس