Accessibility links

لە پۆلەکانی خوێندن لە زانکۆکانی ئەفغانستان کوڕان و کچان بە پەردەیەک لەنێوانیاندا جیادەکرێنەوە


زانکۆکانی ئەفغانستان بۆ یەکەمین جار دوای ئەوەی تاڵیبان دەستیگرت بەسەر وڵاتەکەدا کرانەوە و لە هەندێک حاڵەتدا خوێندکارە کچەکان بە پەردە یاخود بۆردێک کە بە ناوەڕاستی ژوورەکەدا هەڵواسراوە لە کوڕەکان جیاکراونەتەوە.

ئەوەی ڕوودەدات لە زانکۆ و قوتابخانەکانی سەرانسەری ئەفغانستان لەنزیکەوە لەلایەن هێزە بیانیەکانەوە چاودێری دەکرێت، کە دەیانەوێت چەکدارانی تاڵیبان ڕێز لە مافەکانی ئافرەتان بگرن تاوەکو یارمەتیە گرنگەکان و پەیوەندییە دیبلۆماتیەکان دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.

سەرەڕای ئەوەی لەم مانگانەی دواییدا تاڵیبان لە بەیاننامەکانیاندا دڵنیاییاندا لەسەر پاراستنی مافەکانی ئافرەتان بەپێی یاسای ئیسلام، هێشتا ڕوون نیە ئەوە مانای چیە لە ڕاستیدا.

مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکانی شارە گەورەکانی ئەفغانستان، لەوانەش کابوڵ و کەندەهار و هیرات، بە ڕۆیتەرزییان وت خوێندکارە کچەکان لە پۆلەکاندا جیاکراونەتەوە و بە جیا وانەیان پێوتراوە یاخود ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە هەندێک لە بەشەکانی زانکۆکانەوە.

خوێندکارێکی کچی تەمەن 21 ساڵ بە ناوی ئەنجیلاوە کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ زانکۆ و بینیویەتی پۆلەکەی دابەشکراوە، لەڕێی تەلەفونەوە بە ڕۆیتەرزی وت " هەڵواسینی پەردە جێی قبوڵکردن نیە."

وتی " بەڕاستی هەستێکی زۆر ناخۆشم هەبوو کە چوومە پۆلەکەوە، ئێمە وردە وردە دەگەڕێینەوە بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر."

ئەنجیلا وتیشی تەنانەت بەر لەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستان بکاتەوە خوێندکارە کچەکان لە تەنیشت خوێندکارە کوڕەکانەوە دانەدەنیشتن، بەڵام پۆلەکان دابەش نەکرابوون یاخود جیانەکرابوونەوە.

لە نوسراوێکدا کە کۆمەڵێک یاسای تێدایە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە پۆلەکاندا باس لەوە دەکات دەبێت ئافرەتان حیجاب بکەن و دەرگای چوونە ژوورەوەی کچان جیابکرێتەوە. هەروەها دەڵێت دەبێت مامۆستای ئافرەت بۆ خوێندکارە کچەکان بگیردرێت و دەبێت کچان بە جیا وانەکانیان وەربگرن، یاخود لە هەندێک حاڵەتدا لەڕێی پەردەوە لە کوڕەکان جیا بکرێنەوە.

هێشتا ڕوون نیە ئەو نوسراوە کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە سیاسەتی تاڵیبانە یاخود نا، وتەبێژی تاڵیبان تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر نوسراوەکە نەداوە.

هەفتەی ڕابردوو تاڵیبان ڕایگەیاند دەبێت خوێندن دووبارە دەستپێبکاتەوە بەڵام کچ و کوڕ دەبێت جیابکرێنەوە.

بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان بە ڕۆیتەرزی وت جیاکردنەوەی پۆلەکە لەڕێی پەردەوە "شتێکی پەسەندە ".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG