وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە شاندێکی حکومەتی ئەفغانستان لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا لە تاران کۆبوونەتەوە، ئەمەش دوای پێشڕەوییەکانی تاڵیبان لەنێوەندی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا لە ئەفغانستان.
لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا لە تاران، وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف پێشوازی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کرد لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، بەڵام وتیشی " ئەمڕۆ خەڵک و ڕابەرانی سیاسیی ئەفغانستان دەبێت بڕیاری قورس بدەن لە پێناو داهاتووی وڵاتەکەیاندا."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی دانوستکاری باڵای تاڵیبان شێر محەمەد عەباس ستانیکزای ڕابەرایەتی شاندەکەی تاڵیبانی کردووە، هاوکات جێگری پێشووی سەرۆکی ئەفغانستان یونس قانوونی ڕابەرایەتی شاندەکەی حکومەتی ئەفغانستانی کرد.
جێی ئاماژەیە ئێران چەند ملیۆنێک پەنابەری ئەفغانی و کرێکارە کۆچبەرەکانی لەخۆگرتووە و نیگەرانە لەسەر زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەفغانستانی دراوسێی وڵاتەکە.
زەریف داوای لە لایەنەکانی ئەفغانستان کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن، وتی " پابەندبوون بە چارەسەرە سیاسییەکانەوە باشترین بژاردەیە بۆ ڕابەران و جوڵانەوە سیاسییەکانی ئەفغانستان."
ڕۆژی سێشەممە بەرپرسانی ئەفغانستان بەڵێنیاندا دووبارە کۆنتڕۆڵی سەرجەم ئەو هەرێمانە بکەنەوە کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبانەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس