Accessibility links

هەڵهاتنی بە کۆمەڵی زیندانیان لە بەندینخانەیەکی ئەفغانستان


بەرپرسانی ئەفغانی ئاماژەیان بەوەدا لە شاری جەلالئابادی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان دوای ئەوەی چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر بەندینخانەیەک، پێکدادان لە نێوان چەکدارەکان و هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستاندا ڕوویدا، بەهۆیەوە زیندانیەکان بە کۆمەڵ لە بەندینخانەکە هەڵهاتوون.

هێرشەکە بە تەقاندنەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو دەستیپێکرد لەبەردەم دەرگای بەندینخانەکەدا و چەکدارانی داعش تەقەیان لە پاسەوانەکانی بەندینخانەکە کرد.

دوو بەرپرس لە هەرێمی نەنکەرهار وتیان بەلایەنی کەمەوە پێنج هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 40 کەسی دیکە برینداربوون.

وتیشیان لەماوەی شەڕ و پێکدادانەکاندا زیاتر لە 75 زیندانی هەڵهاتوون و ئەوەش پۆلیسی ناچارکردووە شەڕەکە جێبهێڵێت و هەوڵی گەڕاندنەوەی هەڵهاتووەکان بدات.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگری ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدا هێزە تایبەتییەکان سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوەکەیان لە نزیک جەلالئابادی پایتەختی هەرێمی نەنکەرهار کوشتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG