Accessibility links

بەرپرسان: بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەنزیک زانکۆی کابوڵ 6 کەس کوژران و 27 کەسی دیکە برینداربوون


بەرپرسانی ئەفغانی وتیان بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەبەردەم زانکۆی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستاندا 6 کەس کوژران و 27 کەسی دیکە برینداربوون، ئەمەش لەکاتێکدا بووە کە خوێندکارەکان چاوەڕوان بوون بچنە ناو زانکۆکەوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.

هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشەکانی تاڵیبان دەبنەوە سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانەی کە ئاماژە بەوە دەدەن هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەفغانستان بەرەو پێشەوە چووە.

هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، هێرشەکە دوو کاتژمێر لە دوای تەقاندنەوەی دوو ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراوەوە هات کە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە تەقێندرایەوە لە دەرەوەی بنکەی پۆلیس لە ناوچەی کەندەهار لە باشووری وڵاتەکە و بووە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە 12 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 80 کەسی دیکە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی واحید مایار وتی خوێندکار هەن لەنێو ئەو بریندارانەدا کە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. خوێندکارێک لە ناو زانکۆکەدا وتی هێرشەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە کە خوێندکارەکان خۆیان ئامادە کردووە بچنە هۆڵی تاقیکردنەوەکانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG