Accessibility links

بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە لە ئەفغانستان 22 کەس گیانیان لەدەستدا


بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان لانی کەم 22 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

بەپێی ئاماری زەویزانی ئەمەریکا بومەلەرزەکە بە گوڕی 5.3 بووە و 40 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای قالای ناوی پایتەختی هەرێمی بادغیسی داوە.

دەزگای هەواڵی فەڕمی بەختەری ئەفغانستان لە زاری بەرپرسانی ناوخۆوە بڵاویکردەوە ئافرەت و منداڵان لەنێو قوربانییەکاندا بوون. پێشبینیش دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زیاد ببێت.

ئەفغانستان کە بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنێت بەردەوام ڕووبەڕووی بومەلەرزە دەبێتەوە، بەتایبەتی لە زنجیرە چیاکانی هیندو کوش، کە دەکەوێتە نزیک خاڵی یەکتربڕی درزەکانی سەر وشکە زەوی یوراسیا و هیندستانەوە.

ئەفغانستان بە ئێستاش و ڕابردووشەوە بەهۆی جەنگە بەردەوامەکانەوە لەسەر لێواری کارەساتی مرۆیی و کارەساتە سروشتیەکان و وشکەساڵیەوە دەژی.

دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا، بارودۆخی وڵاتەکە خراپتر بووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG