ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ڕاگەیاندنەکەی تاڵیبان بۆ حکومەتێکی کاربەڕێکەر لە ئەفغانستان هەڵدەسەنگێنێت. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بنکەیەکی لەشکری لە ئەڵمانیا گوتی " ئێمە پشتیوانی حکومەتێک ناکەین ئەگەر شایستەی نەبێت."
ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵی ئەفغانستان "شایستەی حکومەتێکن نوێنەرایەتی هەمو پێکهاتەکانی بکات".
ڕۆژی سێشەممەش گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرپرسیارکردنی تاڵیبان بەرامبەر بە بەڵێنەکانی بۆ مسۆگەرکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ ئەو بیانی و ئەفغانیانەی کە مۆڵەتی گشتکردنیان پێیە، لەوانەدا ڕێگەپێدان بەو گەشتانەی کە ئێستا ئامادەن لە ئەفغانستان دەربچن بۆ ئەو شوێنەی لەسەری ڕێککەوتوون."
ئەو گوتیشی " هەروەها ئێمە چاوەڕوانی ڕوونمان دووپات دەکەینەوە کە تاڵیبان ئەوە مسۆگەر بکات خاکی ئەفغانستان بەکار نەیات بۆ هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و ڕێگە بە پشتیوانی مرۆیی بۆ خەڵکی ئەفغانی بدرێت. جیهان زۆر بە وردی چاودێری دەکات."
تاڵیبان ڕۆژی سێشەممە حکومەتێکی " کاربەڕێکەری" ئیسلامی ڕاگەیاند و گوتی لەلایەن مەلا حەسەن ئاخوند کەسایەتی نزیکی مەلا عومەری کۆکچکردووی دامەزرێنەری تاڵیبانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ڕاگەیاندنەکەی حکومەتی کاتیی ڕۆژێک پاش ئەوە بوو کە تاڵیبان سەرکەوتنی لە پارێزگای پەنجشیری باکوری وڵاتەکە ڕاگەیاند و کۆتایی هێنا بە تەنها بەرەنگاری چەکداری دژ بە دەسەڵاتەکەی لەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا.
لە دەمی ڕاگەیاندنی وردەکارییەکانی کابینەی حکومەتی کاربەڕێکەردا، گوتەبێژی سەرەکی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کابوڵ گوتی هەموو دەستنیشانکراوەکان وەکو کاربەڕێکەر دەبن و بەم نزیکانە سەرۆکی چەند وەزارەتێکی دیکەش دەستنیشان دەکرێت.
ئاخوند کە پێدەچێت لە شەستەکانی تەمەنیدا بێت، خەڵکی پارێزگای قەندەهارە شوێنی دروستبوونی تاڵیبان. ئەو سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو گروپەی دەکرد کە بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ هێرشی یاخیبوونی کردە سەر ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان.
موجاهید گوتیشی مەلا عەبدوڵ غەنی برادەر، سەرۆکی ئۆفیسی سیاسی ڕێکخراوەکەش وەکو جێگری سەرۆک وەزیری حکومەتە کاتییەکە دەستنیشان کراوە. سەراجودین حەقانی دەبێتە وەزیری ناوخۆ، ئەمیر خان موتەقی وەزیری دەرەوە و محەمەد یاقوبی کوڕی مەلا عومەریش دەبێتە وەزیری بەرگری کاتیی.
حەقانی سەرۆکی تۆڕی حەقانیە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی دیاری کراوە.
واشنتن پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ ئەو زانیارییانەی ببێتەهۆی دەستگیرکردنی حەقانی بە تۆمەتی ئاراستەکردنی هێرشی کوشندە لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان. ئەمەریکا تۆڕی حەقانی وەک "کوشندەترین و ئاڵۆزترین گروپی یاخیبووان" ئیدانە دەکات.
ئەحمەدوڵا وەسیق، ئەندامی باڵای وەزارەتی زانیاری تاڵیبان لە کاتی قسەکردن لەگەڵ پەیامنێران لە دوای کۆنگرە هەواڵییەکەی ڕۆژی سێشەممە، گوتی سەرۆکی گشتی تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە دەبیت "ئەمیر"ی گشتی حکومەتەکە یان " ئیماراتی ئیسلامی ئەفغانستان".
ئەو گروپە توندڕەوە لە مانگی ڕابردوو پاش ئەوەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زۆربەی ناوچەکیانی ئەفغانستانیان گرتەوەو گەیشتنە پایتەختی وڵاتەکە دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئەمەش لە کاتێکدا بوو هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشانەوە. نەبوونی پشتیوانی لەشکری هێزێکی بیانی بووە هۆی ڕووخانی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان.
لەو کاتەوە تاڵیبان هەوڵی داوە ئەفغانییەکان و وڵاتانی بیانی دڵنیابکاتەوە کە " حکومەتێکی گشتگیر" لەو وڵاتەکەدا دادەمەزرێنن و حوکمی ئیسلامی توندی شێوازی ساڵانی نەوەدەکان ناهێننەوە ،کەسیستەمێکی دادپەروەری دڕندانەو و ڕێگری ژنان و کچان بوولە ژیانی گشتی. تا ئێستا هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ کابینەی کاتیی دیاری کراون ئەندامی تاڵیبانن.
کاتێک ڕۆژی دووشەممە پرسیار لە سەرۆکجۆو بایدن کرا لەسەر ئەوە ئایا دان بە بەڕێوەبەرایەتی تاڵیباندا دەنێت لە وەڵامدا گوتی " نەخێر، ئەمە هێشتا زۆری ماوە."
ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتەبێژی کۆشکی سپی جین ساکی دووپاتی کردەوە هیچ پەلە ناکرێت لە دانپیانان بەو حکومەتەدا.ئەو گوتی " بە ڕاستی ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی کە تاڵیبان چ هەنگاوێک دەنێت. چاودێری دەکرێن، ئەمەریکاش چاودێری دەکات، چاودێری دەکات بزانێت ئایا ڕێگە دەدەن هاووڵاتیانی ئەمەریکا و هاووڵاتیانی وڵاتانی تر دەبچن، ئایا ڕێگە دەدات بەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە وڵاتەکە دەربچن بڕۆن، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ژنان و کچان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەکات."
ئەمەریکا و کۆمەگەی نێونەتەوەیی داوایان لە تاڵیبان کردووە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ مسۆگەر بکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تیرۆرستانی ئەلقاعیدە ببڕێت و ڕێز لە هەمو نەتەوەکانی ئەفغانستان بگرێت ئەگەر بیەوێت ببێت بە بەشێک لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە لە کاتی کاردانەوەی بەرامبەر ڕاگەیاندنەکەی تاڵیبان جەختی لەوە کردەوە کە تەنها ڕێککەوتنی مشتومڕلەسەر کراو و گشتگیر دەتوانێت ئاشتی بەردەوام لە ئەفغانستان بهێنێتە ئاراوە.
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە نیویۆرک گوتی " نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە هاوکاریکردن بۆ چارەسەرێکی ئاشتیانە، بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤی هەمو ئەفغانییەکان، بە دیاری کراوی ژنان و کچان؛ بەرەوپێشبردنی گەشەسەندنێکی بەردەوام بە پێی ئەجێندای 2030؛ و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی ڕزگارکردنی ژیان و پشتویانی گرنگ بۆ ئەو کەسە سیڤیلیانەی کە پێویستیان بە یارمەتییە."
مایکڵ کوگلمان، جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی ئاسیا لە سەنتەری ویلسن، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی تاڵیبان بۆ هەموو پۆستە سەرەکیەکان دەستنیشان کراون. ئەو لە تویتێکدا دەڵێت " هەمو لایەک بەشدارنین، ئەمەش شتێکی چاوەڕوان نەکراو نەبوو. تاڵیبان هیچ کاتێک ئاماژەی بەوە نەکردبوو کە هیچ کام لە وەزیرەکانی کابینەکەی جگە لە خۆیان کەسی تر دەگرێتەوە."
بەلایەنی کەم 10 کەس لەو کابینە 33 ئەندامییەی تاڵیبان کە لە ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیەندرا بەشێکن لەو دەستەیەی گروپەکە کە لە مانگی 2 ی ساڵی 2020 بەشدار بوون لە وتووێژی ئاشتی لەگەڵ ئەمەریکا، کە بووە هۆی کشانەوەی هێزە بیانییەکان پاش نزیکەی 20 ساڵ لە ئەفغانستان.
لە 31 ی مانگی هەشت دواین سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشایەوە، ئەمەش ئەو کاتە بوو کە لەلایەن سەرۆک بایدنەوە دیاری کرابوو.