Accessibility links

بە گرتنی شاری مەزارێ شەریف تالیبان نزیکتر دەبێتەوە لە کابوڵ


ڕۆژی شەممە هێزەکانی تالیبان شارێکی سەرەکی باکووری ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کرد و بەمەش نزیکتر بوونەوە لە کابوڵی پایتەختی وڵاتەکە لە کاتێکدا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەوڵی دەرکردنی بەپەلەی هاووڵاتیانیاندان لەو وڵاتە.

کەوتنی مەزارێ شەریف لەلایەن کاربەدەستانی ئەنجومەنی پارێزگاکەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە ئەمەش دەستکەوتێکی تری سەرەکی بوو بۆ ئەو چەکدارە توندڕەوانەی تالیبان کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەشێکی زۆری ئەفغانستانیان گرتووە هاوکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکە. لە ئێستادا کابول و جەلالئاباد لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان تەنها دوو شاری گەورەن کە بە دەستی حکومەتی ئەفغانستانەوە ماون.

لە ئێستادا ئەمەریکا و بەریتانیا لە هەوڵێکی زۆردان تا خێرا هێزەکانیان بنێرنە کابوڵ بۆ هاوکاریکردنی دەرکردنی هاووڵاتیانیان لە کاتێکدا کە نیگەرانییەکان لەمەڕ ئەوەی کابوڵیش زوو بکەوێتە ژێر دەستی تالیبان زیاتر دەبێت.

ئەفزەل حەدید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەلخ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " تالیبان مەزارێ شەریفی گرتووە، هەموو هێزەکانی ئاسایش لە شاری مەزار دەرچوون."

ئەو گوتیشی پێدەچێت شارەکە بەبێ شەڕ گیرابێت هەرچەندە لێرەو لەوێ پێکدادان بەردەوامە.

پێشتریش ڕۆژی شەممە تالیبان توانی مەیدانێ شار، کە بە دەروازە بۆ ناو کابول دادەنرێت کۆنترۆڵ بکات.پایتەختی ئەو پارێزگایە، مەیدانێ وارداک، تەنها 40 کیلۆمەتر لە پایتەختی ئەفغانستانەوە دوورە.

XS
SM
MD
LG