Accessibility links

هەزاران ئەفغانی لە ئێران ڕەوانەی ئەفغانستان کراونەتەوە


ڕێکخراوە مرۆییەکان و شایەتحاڵان دەڵێن ئێران هەفتانە هەزاران کۆچبەری ئەفغانی ڕەوانەی ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان دەکاتەوە، لەکاتێکدا زۆربەی ئەو ئەفغانیانە دەڵێن لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.

لەمیانەی بیست ساڵی شەڕی ئەفغانستاندا، ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانی هەڵهاتوون بۆ ئێران.

دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، قەیرانە مرۆیی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە زیادییانکردووە، لەکاتێکدا یارمەتیە نێودەوڵەتیەکان ڕاگیراون و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە ڕووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە.

سەرەڕای ئەو ڕەوشە خراپەی چاوەڕێیان دەکات، ئێران بەردەوامە لە ڕەوانەکردنەوەی ئەفغانیەکان بۆ ئەفغانستان.

ئەو ئەفغانیانەی کە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەفغانستان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسیان وت لە ئێران لە کامپی پیس و قەرەباڵخدا داندراون و هەندێکیان لێیاندراوە بەرلەوەی بگوازرێنەوە بۆ خاڵە سنوورییەکە.

هاوڵاتیەکی تەمەن 19 ساڵی ئەفغانی بە ناوی عەبدول سەمەدەوە وتی " وەکو مرۆڤ سەیرییان نەدەکردین."

سەمەد وتی لەسەر سنوورەکە لە کامپێکی پەنابەران لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە لێیدراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی پارەی گەڕانەوەی پێنەبووە.

وتی " دەست و چاوییان بەستین و سوکایەتیان پێکردین."

گەواهیدانەکەی سەمەد و ئەفغانیەکانی دیکە نەتوانرا بە سەربەخۆیی پشتڕاست بکرێتەوە، ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەیانویست لێدوان لەسەر وردەکارییەکان بدەن.

بەڵام ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران دەڵێت زیاتر لە یەک ملیۆن ئەفغانی لەم ساڵدا لە ئێرانەوە ڕەوانەی ئەفغانستان کراونەتەوە، تەنها لە کۆتا هەفتەی مانگی 10 دا 28,000 ئەفغانی ڕەوانەی ئەفغانستان کراونەتەوە.

بەڕێوبەری گشتی ئای ئۆ ئێم ئەنتۆنیۆ ڤیتۆریۆن وتی زیادبوونی گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە کێشەکانی ئەفغانستان زیاتر دەکات. وتی " زۆرینەی ئەوانەی ڕەوانەکراونەتەوە، بە شکاوی گەڕاونەتەوە و هیچ پارەیەکیشیان پێنیە، پێویستیان بە یارمەتی و خۆراک و ئیسراحەت هەیە."

ئای ئۆ ئێم دەڵێت لە 21 ی مانگی 10 ەوە بۆ 27 ی هەمان مانگ 28,115 کۆچبەری ئەفغانی لە ئێرانەوە ڕەوانەی ئەفغانستان کراونەتەوە، تاوەکو ئێستاش لەم ساڵدا 1,031,757 گەڕاونەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG