بیست ساڵ لەمەوبەر، وێنەی ئەو زیندانییانەی کە سوکایەتییان پێکراوە و ئەو سەربازە ئەمەریکاییانەی کە پاسەوانییان دەکەن لە زیندانی ئەبوغرێبی عێراق بڵاوکرانەوە، جیهانییان توشی سەرسوڕمان کرد.
ئێستا سێ زیندانی کە لە ئەبوغرێب ڕزگارییان بووە، دواجار گەیشتن بە ڕۆژی خۆیان و لە دادگایەکی ئەمەریکادا دژی ئەو بەڵێندەرە سەربازییە ئەمەریکاییە دەوەستنەوە کە دەڵێن بەرپرس بووە لەو مامەڵە خراپەی کە لە زیندانەکەدا بەرامبەرییان ئەنجام دراوە.
باهی عەزمی پارێزەر لە ناوەندی مافە دەستوورییەکان کە نوێنەرایەتی داواکاران دەکات وتی بڕیارە دادگاییکردنەکە ڕۆژی دووشەممە لە دادگایەکی ناوچەی ئەلیکساندریای ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، هەروەها یەکەمین جاریش دەبێت ڕزگاربووانی زیندانی ئەبوغرێب بتوانن لەبەردەم دادوەرێکی ئەمەریکاییدا باس لەو ئەشکەنجەدانە بکەن کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.
تۆمەتباران لە دۆسییەکەدا، بەڵێندەری سەربازیی CACI کە لەو کاتەدا لێکۆڵەرانی بۆ زیندانەکە دابین کردووە و بنکەکەی لە ڤێرجینیایە، ڕەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەیان کردبێت و لە ماوەی 16 ساڵی دادگاییکردنەکاندا جەختییان لەوە کردووەتەوە کە کارمەندەکانی هیچ سوکایەتییەکییان بەرامبەر هیچ کام لە داواکارانی دۆسییەکەدا ئەنجام نەداوە.
داواکاران ( ڕزگاربووانی زیندانی ئەبوغرێب ) هەوڵ دەدەن بەڵێندەرە سەربازییەکە ( CACI ) بە بەرپرس دابنێن لە دروستکردنی ئەو هەلومەرجەدا کە بووە هۆی ئەشکەنجەدانییان، داواکاران دەڵێن بەپێی بەڵگەکانی لێکۆڵینەوەکانی حکومەت، بەڵێندەرانی CACI داوایان لە پۆلیسی سەربازیی کردووە زیندانییەکان " شل بکەنەوە " بۆ کاتی لێپێچینەوەکانییان.
جەنەڕاڵی خانەنشینکراو ئەنتۆنیۆ تاگوبا کە ڕابەرایەتی لێکۆڵینەوەیەکی کرد لەسەر بابەتەکەی ئەبوغرێب، لە نێو ئەو کەسانەدایە کە پێشبینی دەکرێت لە دادگاییکردنەکەدا شایەتی بدات. لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەرکەوت کە لانیکەم یەک لێکۆڵەری CACI دەبێت سزا بدرێت لەسەر ئەوەی داوای لە پۆلیسی سەربازیی کردووە هەلومەرجێک دروست بکەن کە گەیشتووەتە ئاستی ئەشکەنجەدان.
زۆرێک هاوڕان لەسەر ئەوەی کە سوکایەتیپێکردنەکان ترسناک بوون. لە کۆمەڵێک وێنەدا کە لە ساڵی 2004 دا بڵاوکرانەوە زیندانییەکان بە ڕووتی دەردەکەون کە خراونەتە سەر یەکتر و هەڕەمییان پێدروست کراوە یاخود بە پەت بەستراونەتەوە و ڕادەکێشرێن. لە وێنەیەکدا دەردەکەوێت سەربازێک پێدەکەنێت و لە تەنیشت لاشەیەکدا وەستاوە بۆ وێنەگرتن، یاخود زیندانییەکان بە سەگ هەڕەشەیان لێکراوە و بە وایەری کارەباوە بەستراونەتەوە.
نەتوانراوە بە ڕوونی داواکارەکان لەو وێنانەدا بناسرێنەوە، بەڵام بە شێوەیەک باسی ئەشکەنجەدانەکان دەکەن کە توشی سەرسوڕمانت دەکات.
سوهەیل ئەل شیمەری باسی لە دەستدرێژی سێکسی و لێدان کردووە لەو دوو مانگەدا کە لە زیندانی ئەبوغرێب زیندانی کراوە. دەڵێت بە کارەبا لێیدراوە و بە پەتێک کە بە ملییەوە بەستراوە بە ناو زیندانەکەدا ڕاکێشراوە. ڕۆژنامەنووسی پێشووی ئەلجەزیرە سەڵاح ئەل ئیجایلی وتی ڕووبەڕووی فشارێک بووەتەوە کە وای لێکردووە بڕشێتەوە و شلەی ڕەش لە دەمی بێتە دەرەوە. هەروەها ڕێگەی نەدراوە بخەوێت و ناچار کراوە جلی ژێرەوەی ژنان بپۆشێت و بە سەگ هەڕەشەی لێکراوە.
بەڵام CACI دەڵێت سوپای ئەمەریکا دامەزراوەیەکە کە بەرپرسە لە دروستکردنی ئەو هەلومەرجە لە ئەبوغرێب و ئەوەشی کە کارمەندەکانی لە پێگەیەکدا نەبوون کە فەرمان بەسەر سەربازەکاندا بکەن. لە نوسراوی دادگاکاندا پارێزەرانی تۆمەتباران وتوویانە کە " سەرانسەری دۆسییەکە هیچ نیە جگە لە هەوڵێک بۆ گومان دروستکردن لە CACI PT چونکە کارمەندەکانی لە زیندانێکی ناو ناوچەیەکی شەڕدا کارییان کردووە.
دۆسییەکە لە ساڵی 2008 ەوە لەم دادگایەکەوە دەچێت بۆ دادگایەکی دیکە، CACI ش هەوڵیداوە دۆسییەکە لە دادگا دەربکات. دواجار لە ساڵی 2021 دا دادگای باڵای ئەمەریکا هەوڵەکانی CACI بۆ پێداچوونەوە بە دۆسییەکەدا ڕەت کردەوە و دۆسییەکەی گەڕاندەوە بۆ دادگایەک بۆ دادگاییکردن.
پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو دەستەی سوێندخۆرانی دادگاکە گوێبیستی شایەتی هەندێک لەو سەربازانە بن کە لە دادگای سەربازییدا بە تۆمەتی ئەنجامدانی سوکایەتی تۆمەتبار کراون.
پارێزەرانی حکومەتیش ئامادەی دادگاییکردنەکە دەبن و ئامادەن دژایەتی بکەن ئەگەر شایەتحاڵان باس لە شتێک بکەن کە نهێنی دەوڵەت بێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا