Accessibility links

سەرۆک وەزیری ژاپۆن لەم هەفتەیەدا لەگەڵ خامنەئی و ڕۆحانیدا کۆدەبێتەوە


سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی

سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی لەم هەفتەیەدا لەگەڵ ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی و سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانیدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ تاران بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.

دوای ساڵێک لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، لەمدواییانەدا گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن زیادیانکرد و ئەمەریکا هێزی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد بەمەبەستی وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەردانەکەی ئابی کە وابڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەست پێبکات تاوەکو ڕۆژی هەینی، لە ماوەی 41 ساڵی ڕابردوودا یەکەمین سەردانی سەرۆک وەزیری ژاپۆنە بۆ ئێران، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی هەیە لەنێوان دوو وڵاتەکەدا و لەم ساڵدا 90 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان.

ئابی ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ڕۆحانیدا کۆدەبێتەوە و ڕۆژی دواتر خامنەئی میوانداری دەکات پێش ئەوەی تاران بەجێ بهێڵێت.

گەورە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن یۆشیهیدی سوگا کە ڕۆژی سێشەممە سەردانەکەی ڕاگەیاند وتی " لەنێوەندی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەنیازین هانی ئێران بدەین کە هێزێکە لە ناوچەکەدا هەنگاو بنێت بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان."

سوگا لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئابی لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا کردووە سەبارەت بە دۆسییەی ئێران.

سەرۆک ترامپ لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ژاپۆن کە چوار ڕۆژی خایاند پێشوازیی لە یارمەتییەکانی ئابی کرد سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕادیۆی ژاپۆن ئاماژەی بەوەدا ئابی بیر لەوە دەکاتەوە سەردانی تاران بکات.

شارەزایانی سیاسیی دەڵێن ئابی لە بارودۆخێکی نموونەییدایە بەپێی ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا توندوتۆڵە و تۆکیۆ و تارانیش پەیوەندییەکی هاوڕێیانە بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە.

توێژەری ژاپۆنی لە ناوەندی ویڵسن لە واشنتن توشیهیرۆ ناکایاما وتی " ئابی هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت و گرژییەکان کەم بکاتەوە، ئەوە هەنگاوێکی ئازایانەیە و پێم وایە لە متمانەی بە پەیوەندییە توندوتۆڵەکانیەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا سەرچاوەی گرتووە."

ژاپۆن دەیەوێت ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار ببێت چونکە زۆربەی پێداویستیە نەوتیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەست دەکەوێت، بەڵام لەمساڵدا بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە کڕینی نەوتی ئێرانی ڕاگرت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG