Accessibility links

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا بەسەر ئاسمانی واشنتنەوە شوێن فڕۆکەیەکی بچووک دەکەون


بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن فڕۆکەیەکی بچووک کە هیچ وەڵامێکی نەبووە ئاسمانی دەوروبەری واشنتنی پایتەختی بەزاندووە و فڕۆکەی شەڕکەری ئێف – 16 بە خێراییەکی دەنگبڕ ڕەوانە کراون بۆ شوێنکەوتنی فڕۆکە بچووکەکە، دواتر فڕۆکەکە خۆی کێشاوە بە چیایەکدا لە ڤێرجینیا.

پۆلیسی ویلایەتی ڤێرجینیا دەڵێت هیچ ڕزگابوویەک لە شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەدا نەدۆزراوەتەوە.

بەرپرسان وتیان فڕۆکە شەڕکەرەکان بە خێراییەکی دەنگبڕ بەسەر ئاسمانی پایتەختی ئەمەریکادا ڕۆیشتوون و دەنگێکی بەرزییان هەبووە لە کاتێکدا کە شوێن فڕۆکە بچووکەکە ' سێسنا سایتەشن ' کەوتوون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە نێو هاوڵاتییاندا لە ناوچەی واشنتن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی چوار کەس لە فڕۆکە بچووکەکەدا بوون. سێسنا سایتەشتن دەتوانێت لە حەوت کەسەوە تاوەکو 12 کەس هەڵبگرێت.

پۆلیسی ویلایەتی ڤێرجینیا وتی دوای چەند کاتژمێرێک تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، بەڵام سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لە دەستداوە.

بەپێی ماڵپەڕی چاودێریکردنی گەشتەکان، فڵایت ئەوێر، فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای ئینکۆر مۆتۆرسی مێڵبۆرن بووە لە فلۆریدا.

خاوەنی کۆمپانیاکە جۆن ڕەمپیڵ بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی وت کچەکەی و نەوەیەکی و دایەنی نەوەکەی لە فڕۆکەکەدا بوون.

ڕۆژنامەکە لە زاری ڕەمپێڵەوە بڵاویکردەوە " هیچ شتێک سەبارەت بە کەوتنە خوارەوەکە نازانین. ئێستا قسە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گەشتی ئاسمانی فیدڕاڵیدا دەکەین."

سەرکردایەتی بەرگری ئاسمانی باکووری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی سوپای ئەمەریکا هەوڵیداوە پەیوەندی بە فڕۆکەوانەکەوە بکات کە هیچ وەڵامێکی نەبووە، دواتر سێسنا لە نزیک دارستانی نیشتیمانی جۆرج واشنتن لە ڤێرجینیا کەوتۆتە خوارەوە.

سەرچاوەیەکی دیکەی نزیک لە بابەتەکەوە وتی وادیارە کە فڕۆکەکە لەسەر ئۆتۆپایلەت بووبێت.

سەرکردایەتییەکە وتی " فڕۆکەکەی سەرکردایەتی بەرگری ئاسمانی باکووری ئەمەریکا مۆڵەتی هەبووە کە بە خێراییەکی دەنگبڕ و دەنگێکی بەرزەوە بفڕێت و ئەوەش ڕەنگە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە بیسترابێت." ئاماژەشی بەوەدا فڕۆکەکە بڵێسەی بەکارهێناوە لە هەوڵێکیدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی فڕۆکەوانەکەی فڕۆکە بچووکەکە بەلای خۆیدا.

بەڕێوبەرایەتی گەشتی ئاسمانی فیدڕاڵی لە بەیاننامەیەکدا وتی " سێسنا لە فڕۆکەخانەی ئیلیزابێثتۆنەوە لە ئیلیزابێثتۆنی ویلایەتی تێنێسییەوە هەستاوە و بەرەو فڕۆکەخانەی لۆنگ ئایلەند مکئارثەر ڕۆیشتووە لە نیویۆرک. وتیشی دەستەی پارێزراوی گواستنەوەی نیشتیمانیش لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات.

بەپێی فڵایت ئەوێر، فڕۆکەکە وادەرکەوتووە کە گەیشتبێتە ناوچەی نیویۆرک، بەڵام دوای ئەوە بە گۆشەی 180 پلە پێچی کردۆتەوە.

ڕووداوەکان بەهۆی وەڵام نەدانەوەی فڕۆکەوانەکانەوە شتێک نیە پێشتر ڕووی نەدابێت. لە ساڵی 1999 دا یاریزانی گۆڵف پاین ستیوارت لەگەڵ چوار کەسی دیکەدا بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیانەوە گیانییان لە دەستدا، فڕۆکەوانەکە و سەرنشینەکان سەرجەمییان وەڵامییان نەبووە، دوای هەزاران میل لە فڕین، لە کۆتاییدا فڕۆکەکە لە ساوث داکۆتا کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لە دەستدا.

لە حاڵەتەکەی ستیوارتدا، فڕۆکەکە فشاری کابینەکەی لە دەستدابوو، ئەوەش وایکردووە سەرنشینەکان بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە بێهۆش ببن.

لە ساڵی 2014 دا فڕۆکەیەکی بچووکی ئەمەریکا کە فڕۆکەوانەکەی بە هەمان شێوە وەڵامی نەبووە لە کەناری ڕۆژهەڵاتی جامایکادا کەوتە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەکە لە ئاڕاستەی خۆی لایدا و فڕۆکەیەکی شەڕکەر ڕەوانە کرا بۆ هاوەڵیکردنی.

ڕۆژی یەکشەممە، دەنگە بەرزەکەی فڕۆکە شەڕکەرەکان زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچەی واشنتنییان ترساند، هاوڵاتیان لە تویتەر باسییان لەوە کردووە گوێیان لە دەنگێکی بەرز بووە کە دیوار و زەوییەکەی لەراندۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG