سەرۆک وەزیری بەلجیکا ئالیکساندەر دی کرۆ دەڵێت داوای یارمەتی لە شارەزایانی حکومەت دەکات لە بواری توندڕەویدا، ئەوەش دوای زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەکانی وڵاتەکەدا. بەرپرسانی وڵاتەکە پێیان وایە هێرشەکان پەیوەندییان بە پڕۆگرامێکی خوێندنی پەروەردەیی سێکسییەوە هەیە.
لێدوانەکانی دی کرۆ چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە شەشەمین قوتابخانە لە هەرێمی والۆنیا تاوەکو ئێستا لەم هەفتەیەدا سوتێندرا. بەپێی بەرپرسان، نیشانەکان لەسەر دژایەتیکردنی پڕۆگرامی ئێڤراس لە هەندێک لە قوتابخانەکاندا بیندراوە.
پڕۆگرامەکە داوا دەکات قوتابییان لە تەمەنی 11 بۆ 12 و 15 بۆ 16 ەوە جۆرە وانەیەک وەربگرن بۆ یارمەتیدانییان لە پەرەدان بە ژیانییان لە ڕووی پەیوەندی و سێکسییەوە. پڕۆگرامەکە ماوەی چەندین ساڵە بۆ سەرجەم تەمەنەکان بەردەستە، وەرگرتنی وانەکان بە ناچاریی نەبووە، بەڵام ئێستا دەبێت سەرجەم قوتابییان لەو تەمەنانەدا ئەو وانەیە وەربگرن.
دی کرۆ وتی " لە دیموکراسییەکی وەکو دیموکراسییەکەی ئێمەدا، هەرگیز ڕێگە نادەین قوتابخانەکانمان بکرێنە ئامانج. لە وڵاتێکدا دەژین وڵاتی لێبوردەییە، لێبوردەییش واتە ئێمە دەتوانین مشتومڕ بکەین، ڕاوبۆچوونی جیاواز، بەڵام هەرگیز نابێت ئەوە ببێتە هۆی توندوتیژی، بە تایبەتی لەو شوێنانەدا کە منداڵەکانمان بەردەوام ڕوویان تێدەکەن."
وەزیری ناوخۆی بەلجیکا ئانیلیس ڤێرلیندن داوای وەستاندنی هێرشەکانی کرد.
وتی " ئێمە دەست لە قوتابخانەکانمان نادەین."
دی کرۆ وتی داوای لەو دەزگایە کردووە کە کار لەسەر هەواڵگری " تیرۆر و توندوتیژی و توندڕەویی " دەکات شیکارییەک بۆ دۆخەکە بکەن، ڤێرلیندنیش وتی داوای لە پۆلیسی فیدڕاڵ کردووە پشتیوانی لە هێزە ناوخۆییەکان بکات لەو هەرێمەدا کە ئەم ڕووداوانەی تێدا ڕوودەدەن.
تاوەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئاگرکەوتنەوەکانی شەش قوتابخانەی نەگرتووەتە ئەستۆ، هەروەها هیچ گومانلێکراوێکیش دەستگیر نەکراوە. لەم ساڵدا نزیکەی 10,000 قوتابی لە فیدراوسیۆنی والۆنیا بڕۆکسل دەبێت ئامادەی دوو دانیشتنی چوار کاتژمێریی پڕۆگرامەکە بن، لە کۆی چوار دانیشتن.
خۆپیشاندانێک کە چەند سەد کەسێکی کەم بەشداری دەکەن، لە بڕۆکسل ڕێکخراوە.
چەندین گروپی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکۆنەی پڕۆگرامەکەیان کردووە، ترسییان لەوە هەیە منداڵان لە ڕووی سێکسییەوە خراپ بکرێن.
قسەوقسەڵۆکەکانیش سەبارەت بە سروشتی پڕۆگرامی ئێڤرا لە ئینتەرنێتیش بڵاوبووەتەوە.
دی کرۆ وتی پەروەردەی سێکسی ماوەی نیو سەدەیە لە وڵاتەکەدا دەوترێتەوە و هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکە بەرەو دواوە ناڕوات.
وتی " ئەمە شتێکی نوێ نیە، ئەمە بنچینەکانی تەندروستی سێکسییە، بەڵام بنچینەشن بۆ منداڵانمان تاوەکو ئاگاداری مافەکانییان و شکۆی جەستەیان بن."
بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ، قوتابخانەکان لە شاری لیێگ و والۆنیا تێکدراون.
سەرچاوە/ AP
پڕۆگرامێکی پەروەردەیی سێکسی لە بەلجیکا دەبێتە هۆی سووتاندنی شەش قوتابخانەی وڵاتەکە
