ڕۆژی هەینی دادگایەکی تورکیا دایک و برای کچێکی تەمەن هەشت ساڵی خستە زیندانەوە دوای ئەوەی تەرمی کچەکە لە ناو گوێنییەکدا لە ژێر بەردێکدا دۆزرایەوە، ئەمەش لە دۆسییەیەکدا کە وڵاتەکەی ترساند و بووە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندان دوای ئەوەی کچەکە سێ هەفتە لەمەوبەر بێسەروشوێن بوو.
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی هەوڵی سەپاندنی توندترین سزا دەدات بەسەر ئەو کەسانەدا کە بەرپرس بوون لە مردنی نارین گوران، کە تەرمەکەی لە گوندێکی نزیک ئامەد (دیاربەکر) دۆزرایەوە.
دادوەرانی دادگایەکی ئامەد، دایک و برای کچەکەیان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی کچەکەدا تۆمەتبار کرد، هاوکات شەش کەسی دیکە تۆمەتبار کراون، لەوانەش مام و ئامۆزاکەی کە بە تۆمەتی لە ناوبردنی بەڵگەکان تۆمەتبار کران. مامێکی دیکەی پێشتر بە تۆمەتی کوشتن تۆمەتبار کراوە.
پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان خۆپیشاندانییان لە چەندین شاری سەرانسەری تورکیا ئەنجام داوە و داوای دادپەروەریی دەکەن بۆ نارین گوران، مردنی نارین سەرانسەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی توشی شۆک کرد، بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی کە گوایە ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی بەشداربوون لە کوشتنیدا.
نارین لە 21 ی مانگی هەشتدا لە گوندەکەی کە دەکەوێتە باشووری ئامەد، بێسەروشوێن بوو. لە 8 ی مانگی نۆدا تەرمەکەی لە ناو گوێنییەکدا لە ژێر بەردێکدا دۆزرایەوە.
ڕوون نیە کە چۆن کوژراوە، بەڵام ڕاپۆرتی میدیاکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لیکۆڵینەوەی توێکاری تەرمەکەی دەریانخستووە کە برین هەبووە بەسەر ملییەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
دایکێک و کوڕەکەی تۆمەتبار دەکرێن لەسەر کوژرانی کچێکی تەمەن 8 ساڵ لە تورکیا
