وه‌زیری به‌رگری وڵاته یه‌کگرتووه‌کان ڕۆبه‌رت گه‌یتس له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی یه‌که‌ی له‌شکری له باشوری ئه‌فغانستان کۆبۆته‌وه که ئه‌و له‌شکره ساڵی پار له شه‌ڕی دژی تالیبان زیانێـکی گیانی قورسی پێگه‌یشت.
ناوبراو به سه‌ربازانی گوت ئه‌وان به زوویی به‌شێـک له شه‌ڕێـکی لێ بڕاوانه ده‌بن.
ڕۆبه‌رت گه‌یتس ڕێزی له‌و سه‌ربازانه‌ی یه‌که‌ی له‌شکری ئه‌مریکا گرت له کاتێکدا له بنکه‌یه‌کی دورده‌ستی له‌شکری 50 کیلومه‌تر دور له شاری قه‌ندهار بو سه‌ربازان ده‌دوا. ئه‌و یه‌که له‌شکریـیه له‌وه‌تا شه‌ڕی پاره‌وه 22 سه‌ربازی گیانیان له ده‌ستداوه و 62 شیان بریندار بوونه.
وه‌زیری به‌رگری به سه‌ربازانی گوت ئه‌وان هێزێـکی قورس و قایم ده‌بن کاتێـک له‌شکری ئه‌مریکا ده‌ست به هێرشێـکی چاوه‌ڕوانکراو له دژی تالیبان له هه‌رێمی قه‌ندهار له دوای ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌ده‌بات.
گه‌یتس هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و ژه‌نه‌ڕاڵانه‌ی ئه‌مریکا و بریتانیا کۆبۆوه ئه‌وانه‌ی به سهرکرداری ئێستا له دژی میلشیاکانی تالیبان له هه‌رێمی هێلماند ڕاده‌گه‌ن.