له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که هێشـتاش بواری ڕۆژنامه‌وانی کوردی به گشـتی له چوارچێوه‌کانی لایه‌ن و لایه‌نکاری ده‌ربازی نه‌بووه یان پاشکۆی لایه‌نه سـیاسیـیه‌کانه، به‌ڵام ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاد توانیویه‌تی به هه‌وراز و نشێویه‌کانی خۆیدا هه‌نگاوی ورد بنێت و له‌سه‌ر ئاستێـکی باش خوێنه‌ر بۆخۆی دروسـتبکات. ژماره‌یه‌ک ڕۆژنامه‌وان خۆیان کرده ڕچه شـکێن و به ئه‌زموونی خۆیانه‌وه ئینجا ئایا که‌م بووبێت یان زۆر ده‌سـتیان به هه‌نگاونان کرد ڕووه‌و پـێـکهێنانی ڕۆژنامهگهریـیهکی ئازاد و توانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌رکه سه‌خته‌دا ڕێ بکه‌ن.
ڕۆژنامه‌وان ئاسـۆسی ئه‌حمه‌د هه‌ردی یه‌کێـک بووه له‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی کورد وه‌ک ڕۆژنامه‌وانێـکی لانه‌گر ده‌سـتی به هه‌نگاوه‌کانی کرد و گهیاندیـیه ئه‌و ڕاده‌یه‌ی به لێـهاتوویی خۆی خه‌ڵاتی جوبران توینی پێبهخشـرا.
ئاسۆس ئه‌حمه‌د هه‌ردی میوانی ئه‌م جاره‌ی به‌رنامه‌ی فه‌رهه‌نگ و تۆره‌ی کوردی بوو.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی به‌رنامه‌كه بن له ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 10:35 خوله‌كه.
ده‌قی وتارکه‌ی ئاسۆس هه‌ردی له مه‌راسیمی خه‌ڵات وه‌رگرتنه‌که‌دا:
" گه‌ر له‌به‌رده‌م بژارده‌ی وڵاتێكی بێ رۆژنامه‌و رۆژنامه‌یه‌كی بێ وڵات‌دا سه‌رپشك بكرێم، بێ دوودڵی دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرم"
تۆماس جیفرسۆن
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز ... ئه‌م كاته‌تان باش
ئێمه گه‌لێك بووین بێ رۆژنامه‌یه‌كی ئازاد، بیركردنه‌وه‌و خولیامان به‌دوای كه‌شێكدا ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت له‌خۆی بكات، هه‌ر ده‌بوو رووبه‌رێك پێكه‌وه كۆمانبكاتهوه... ئه‌مه‌ش وایده‌خواست كه به‌سه‌ره‌تایه‌ك ده‌ستپێبكات.
پاییزی 2000 بوو، زۆربه‌ی رۆژنامه‌و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، یان پاشكۆ بوون یان زمانحاڵی پارته كوردییه‌كان، ئه‌م دیارده‌ی زمانحاڵییو پاشكۆیهتییهش ره‌گێكی قوڵی له‌مێژووی هاوچه‌رخی گه‌لی كورددا داكوتی بوو، گرفته‌كه له‌وه‌دا بوو كه ده‌بوو هه‌میشه حیزب‌و راگه‌یاندن پێكهوهگرێبدرێن. له‌لایه‌كه‌وه، ئایدیۆلۆژیا تۆتالیتارییه باوه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو رۆڵیان هه‌بوو لهڕهگداكوتانی ئه‌م بیروبۆچونه‌ی كه به "راگه‌یاندنی ئاڕاسته‌كراو" ناوده‌برێت لای نوخبه‌ی سیاسی‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌و هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامانه‌ی زمان‌و بوونی كوردیان خستبووه مه‌ترسییه‌وه، ئه‌وه‌یان به‌سه‌ر رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا سه‌پاندبوو كه پێویسته "رۆژنامه‌گه‌ری به‌رگری"و خاوه‌ن زمانێكی شۆڕشگێڕانه بێت، له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رو جۆشدانیاندا. گه‌وره‌ترین ته‌حه‌دای به‌رده‌ممان، به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م زمانه بوو لهتۆنه حهماسییهكهیو به‌رزكردنه‌وه‌ی بوو بۆ ئاستێكی ئهقڵانیو مه‌وزوعی. ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌ممان زۆر بوون، هه‌ر له‌نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی داراییه‌وه بگره تا كه‌م ئه‌زمونیمان له‌بواری رۆژنامهگهریو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه له‌لایه‌ن دهسهڵاتو حیزبه كوردییه‌كانه‌وه ئاڕاسته‌مان ده‌كرا، تا هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ستدرێژیكردنی راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ژیانی هه‌ندێك لههاوكارانمانو دواجاریش تیرۆر كردنی رۆژنامه‌نووس سۆران مامه حه‌مه له‌كه‌ركوك، به‌ڵام ئێمە خۆڕاگر بووین‌و به‌هۆی سووربوونی هاوكارانمو كار‌و كۆششی بێ سرهوتنیانهوه توانیمان له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌ركه سهختو ئاسته‌نگانه‌دا رێكهین له‌پێناو دامه‌زراندنی میدیایه‌كی ئازاد له‌وڵاته‌كه‌ماندا. كاریگه‌ریی زاده‌ی سووربوون‌و كۆڵنه‌دانه زیاتر له‌وه‌ی زاده‌ی توندیی بێت، وه‌ك ده‌ڵێن. هه‌میشه رێچكه‌یه‌ك له‌ئارادایه بۆ به‌زاندنی هێڵه سووره‌كان.
ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئێمه گه‌یشتونه‌ته كۆتایی رێگا، عێراق هێشتا له‌قۆناغی گواستنه‌وه‌دایه‌و هێشتا ترسی گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه له‌گۆڕێدایه، به‌ڵام له‌كوردستان بهلانیكهمهوه، هه‌نگاوی گرنگمان ناوه، ئه‌گه‌رچی هه‌نگاوی كورتن، به‌ڵام هەنگاوەکانمان رووه‌و ئاقارێكه کە به‌ره‌و چه‌سپاندنی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریمان ده‌بات.
ئه‌مڕۆ.. مایه‌ی شانازی‌و سه‌ربه‌رزیمه له‌لایه‌ن ئێوه‌وه رێزم لێده‌نرێت، ئه‌مه ته‌نها رێزنان نییه له‌من، به‌ڵكو رێزگرتنه له‌ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاد له‌هه‌رێمی كوردستان بهتایبهتیو لەعێراقیش به‌گشتی. هه‌ربۆیه به‌پێویستی ده‌زانم به‌م بۆنه‌یه‌وه، سوپاسی هه‌موو ئه‌و هاوكارو هاوڕێیانه‌م بكه‌م كه هه‌رگیزاو هه‌رگیز كۆڵیان نه‌داو له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه پیرۆزه‌كه‌یاندا تێكۆشان كه ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی راده‌ربڕینه له‌هه‌رێمی كوردستان‌و له‌عێراقدا. هه‌روه‌ها به‌م بۆنه‌یه‌وه سوپاس‌و پێزانینی خۆم ئاڕاسته‌ی ئازیزترین كهسو هاوسه‌ری ژیانم (په‌روا) ده‌كه‌م، كه به‌رگه‌ی ئهركو زه‌حمه‌تی پیشه‌كه‌ی منی گرت وێڕای ئهركو ماندووبوونی خۆی وه‌ك دایك‌و مامۆستا، ئه‌و هه‌میشه له‌رۆژه سهختو دژواره‌كانی ژیانمدا گه‌وره‌ترین پشتیوانم بوو. هه‌ر لێره‌شه‌وه ئه‌م خه‌ڵاته پێشكه‌ش به‌گیانی پاك‌و بێگه‌ردی باوكه شاعیر‌و نوسهرهكهم ئه‌حمه‌دی هه‌ردی ده‌كه‌م كه فێری كردم هه‌میشه به‌ها ئازادی‌و مرۆییهكانم خۆشبوێت.
له‌كۆتایشدا رێگه‌م بده‌ن سوپاس‌و پێزانینی خۆم ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی جیهانی بۆ رۆژنامه‌و بڵاوكراوه‌كان‌و بنه‌ماڵه‌ی توێنی به‌ڕێز بكه‌م كه منیان هه‌ڵبژارد بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ی شانازی پێوه ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تی كه هه‌ڵگری ناوی مرۆڤێكه بڕوای به‌ئازادی بوو، له‌پێناویشیدا گیانی به‌خشی. سڵاو له‌گیانی جبران توێنیو هه‌موو ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ئازا‌و ئازادانه‌ی گیانیان له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ئازادی، له‌ئازادی ئێمه‌و له‌ئازادی قه‌ڵه‌مه‌كانمان به‌خشی.
سوپاس بۆ هه‌مووتان