Accessibility links

تاریق ئه‌لهاشـمی پـرۆژه‌ یاسای هه‌ڵـبژاردنه‌کانی عێراق ڤیتۆ ده‌کات


کۆمسـیۆنی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی عێراق ئاماده‌کرایـیه‌کانی خۆی بۆ هه‌ڵـبژاردنه‌کانی نیشـتیمانی مانگی یه‌کی ڕاگرتووه‌ پاش ئه‌وه‌ی جێـگری سه‌رۆکی عێراق به‌شـێـکی پـرۆژه‌ی قانونی هه‌ڵـبژاردنه‌کانی ڤیتۆ کرد.

جێـگری سه‌رۆک تاریق ئه‌لهاشمی که‌ عه‌ره‌بێـکی سـووننه‌یه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند که‌وا پـرۆژه‌ یاسای هه‌ڵـبژاردنه‌کان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان تا هه‌مواربکرێته‌وه‌. ده‌ڵێت ئه‌و ده‌یه‌وێت ژماره‌یه‌کی زیاتری کورسی بۆ عێراقیـیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ته‌رخان بکرێن که‌ زۆربه‌یان عه‌ره‌بی سـووننه‌ن.

ئێسـتا ده‌بێت ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق سه‌رله‌نوێ مشـتومڕ له‌سه‌ر ئه‌و پـرۆژه‌ یاسـایه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ پاش چه‌ندین هه‌فته‌ له‌ گرژی و ئاڵۆزی نێوان لایه‌نه‌کان هه‌فته‌ی ڕابردوو په‌سه‌ندیان‌کردبوو.

به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵـبژاردنه‌کان هه‌روه‌ها ڕووبه‌ڕووی مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ بۆته‌وه‌، ئه‌ویش سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی بایکۆتکردنی هه‌ڵـبژاردنی کردووه‌ ئه‌گه‌ربێت و کورسی زیاتر بۆ هه‌رێمه‌که‌ی دیاری‌نه‌کرێت.

سه‌رۆکی کوردسـتان مه‌سـعود بارزانی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌و میکانیزمه‌ی ئێسـتا کورسیـیه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق دابه‌ش‌بکرێت ئه‌وا خه‌ڵـکی هه‌رێمی کوردسـتان به‌شـداری له‌ ده‌نگدانه‌که‌دا ناکه‌ن.

سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردسـتان دکتۆر فوئاد حسێن ده‌ڵێت سه‌رۆکی هه‌رێم له‌و بڕوایه‌دایه‌ ئه‌م سیسـتمه‌ی ئێسـتا دانراوه‌ مه‌به‌ست لێی که‌مکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی کوردسـیـیه‌کانی کورده‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG