Accessibility links

ئه‌فسه‌رێـکی له‌شـکری پاکسـتان له‌ بۆسه‌یه‌کدا له‌ ئیسلام ئاباد ده‌کوژرێت


پـۆلیس له‌ پاکستان ده‌ڵێت چه‌کداران ئه‌فسه‌رێکی باڵای له‌شکری و سه‌ربازێکیان له‌ میانه‌ی بۆسه‌یه‌کدا له‌ ئیسلام ئاباد کوشتووه‌.

کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن دوو چه‌کدار به‌ سواری مۆتۆرسایکل له‌ ناوچه‌یه‌کدا که‌ زۆربه‌ی دانیشـتوانه‌که‌ی ئه‌فسه‌رانی له‌شکرین ته‌قه‌یان له‌ ئۆتۆمبیله‌ له‌شکریه‌که کرد. سه‌ربازێکی تریش له‌ ناو ئۆتۆمبیله‌که‌دا برینداربوو.

ئه‌و چه‌کدارانه‌ هه‌ڵـهاتن و تا ئێستاش هیچ لایه‌نێک به‌رپرسیارێتی هێرشه‌که‌ی نه‌گردۆته‌ ئه‌ستۆ. جێی باسه له‌م هه‌فتانه‌ی دوایـیدا ملیتانه‌کان ده‌ستیان کردووه‌ به‌ شه‌پۆلێکی تری توندوتیژی و هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر، بنکه‌ی مه‌شق و ڕاهینانی پۆلیس، باره‌گه‌یه‌کی له‌شکری، زانکۆیه‌کی ئیسلامی و ئۆفیسێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان. زۆربه‌ی خوێندنگاکانی سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که‌ تا ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌ش هه‌ر داخراو ده‌بن به‌ هۆی مه‌ترسی ئاسایشی.

ئه‌م هێرشانه‌ وه‌کو تۆڵه‌یه‌که‌ بۆ هێرشێکی فراوانی ئه‌م دوایی‌یانه‌ی له‌شکر دژ به‌ ناوچه‌یه‌کی تاڵیبان له‌ باشوری وه‌زیرسـتان.

هێزی حکومه‌تی پاکستان چه‌ندین هێرشی زه‌مینیـیان له‌ هه‌رێمه‌ خێڵه‌کیـیه‌کانی باشوری وه‌زیرستان سازداوه‌. سه‌ربازه‌کان هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ به‌ جێی حه‌وانه‌وه‌ی ڕێبه‌ری تاڵێبان له‌ پاکستان حیکمه‌توڵڵه‌ مه‌حسود داده‌نرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG