Accessibility links

هێله‌ری کلنتن له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی له‌ ڕووسیا ده‌ڵێت هێشـتا کاتی سـزای دیکه‌ له‌ دژی ئێران نه‌هاتووه‌


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هێله‌ری کلنتن ده‌ڵێت هێشـتا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ سـزای دیکه‌ به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پـێت، وه‌ په‌سنی ڕووسیای دا له‌سه‌ر هاوکاریکردنی له‌ مه‌سه‌له‌که‌دا.

خانم هێله‌ری ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ مۆسـکۆ بۆ په‌یامنێران قسه‌ی کرد پاش کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا سێرگی لاڤرۆڤ.

لاڤرۆڤ هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ خانم هێله‌ری، ده‌ڵێت سه‌پاندنی سـزای توند له‌ دژی ئێران له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌کیـیه‌ مشـتومڕ له‌سه‌ره‌که‌ی له‌م قۆناغه‌دا ئه‌نجامی پـێـچه‌وانه‌ی ده‌بێت.

هه‌روه‌ها لاڤرۆڤ گوتی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا به‌ره‌وپـێشـچوونێـکی گه‌وره‌یان به‌ده‌سـتهێناوه‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی جبه‌خانه‌ ناوه‌کیـیه‌کانیان. هه‌ردوولا له‌سه‌ر په‌یمانـنامه‌یه‌کی نوێ دانوسـتاندن ده‌که‌ن تا شـوێنی ئه‌و په‌یمانـنامه‌یه‌ی پـێشـوو بگرێته‌وه‌ که‌ به‌ په‌یمانـنامه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی چه‌کی سـتراتیژی ناسراوه‌ و له‌ سه‌ره‌تای مانگی دوازده‌ کۆتایی پـێ‌دێت.

خانم هێله‌ری به‌نیازیشه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ڕووسیا دمیتری مێدڤێدێڤ کۆبـبێته‌وه‌. پـێشـبینی ده‌کرێت وتووێژه‌کانیان سه‌نگی بخاته‌ سه‌ر شه‌ڕی ئه‌فغانسـتان و سـیسـتمی نوێی موشه‌کی به‌رگری سه‌رۆک باراک ئۆباما و هه‌روه‌ها چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG