Accessibility links

فله‌ندا داواکاری په‌نابه‌رێتی زۆربه‌ی عێراقیـیه‌کان ڕه‌تده‌کاته‌وه‌


حکومه‌تی فله‌ندا بڕیاری داوه‌ چیتر مافی په‌نابه‌رێتی نه‌داته‌ هاوڵاتیـیانی باکور و باشوری عێراق یان دانیشـتووانی شـاری به‌غدای پایته‌خت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاسـتی کاری توندوتیژی له‌و ناوچانه‌دا که‌مبوونه‌ته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ فه‌رمانگه‌ی خزمه‌تگوزاری په‌نابه‌رانی فله‌ندی ده‌ڵێت داواکاری هاوڵاتیـیانی ناوچه‌کانی عێراقی ئاماژه‌ پـێـدراو بۆ په‌نابه‌رێتی ڕه‌تده‌کرێته‌وه‌ و عێراقیـیه‌کان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ عێراق.

ئۆفیسی فله‌ندی خزمه‌تگوزاری په‌نابه‌ران ده‌ڵێت دوای ئه‌وه‌ی ئاژانسی په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بژارکاری له‌ ڕێـنمایـیه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ داواکاری مافی په‌نابه‌رانی عێراقیدا کرد هه‌ر بۆیه‌ فله‌نداش ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌نێت.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ دانی مافی په‌نابه‌رێتی به‌ خه‌ڵـکی چوار پارێزگای عێراق (نه‌ینه‌وا، دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین، که‌رکوک)، ئه‌ویش به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی توندوتیژی له‌و پارێزگایانه‌دا.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ تا کۆتایی مانگی چواری ئه‌مسـاڵ نزیکه‌ی 700 عێراقی داوای مافی په‌نابه‌رێتیـیان له‌ فله‌ندا کردووه‌. له‌ سـاڵی 2008 دا زیاتر له‌ 1200 عێراقی هه‌مان داوایان کردبوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG