به‌نگلادیش داوای زیاتری یارمه‌تی بیانی ده‌كات بۆ ده‌ربازبووانی زریان و باوبارانی وێرانكاریـیه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو كه‌وا بووه مایه‌ی بێ ماڵ و حاڵكردنی به ملیۆنان و
كوشتنی به هه‌زاران كه‌س.
ڕۆژی سێشه‌ممه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به‌یانـنامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تیایدا ده‌ڵێت به‌نگلادیش پـێشـوازی له هه‌ر پـشتیوانیـیه‌كی له لایه‌ن كۆمه‌ڵـگای نێونه‌ته‌وه‌یـیه‌وه ده‌كات. كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵـێن تا ئێستا به‌ڵـێنی نزیـكه‌ی 140 ملیۆن دۆلار له یارمه‌تی دراوه.
پـێـنج ڕۆژ پاش زریان و باوبارانێـكی به‌هێزی كه كه‌ناری باشوری ڕۆژئاوای به‌نگلادیشی كوتاوه، به ده‌یان هه‌زار كه‌سـانی گیرخواردوو و برسی هێشـتا له چاوه‌ڕوانی یارمه‌تی فریاكه‌وتنن كه زۆربه‌یان له زه‌مینه‌یه‌كی كراوه‌دا ده‌ژین.
ڕۆژی سێشه‌ممه له وتارێـكی ته‌له‌فیزیۆنی بۆ وڵاته‌كه فه‌خره‌دین ئه‌حمه‌دی ڕێبه‌ری كاتی وڵاته‌كه زریان و باوبارانه‌كه‌ی به به‌دبه‌ختی و كاره‌سـاتێـكی مه‌زن ناوبرد و داوای له وڵاتیـیان كرد یارمه‌تی ئه‌وانه بده‌ن كه به‌ر ئه‌و كاره‌سـاتانه كه‌وتوون.
له هه‌مان كاتدا به‌ڕێوه‌به‌ری یارمه‌تی بیانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كان هنریتا فۆری ڕۆژی سێشه‌ممه كه گه‌یشته ده‌كای پایته‌خت بۆ هه‌ڵـسه‌نگاندنی زیانه‌كه وتی یارمه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌كان له ڕۆژانی دێت ده‌گاته به‌نگلادیش. وڵاته یه‌كگرتووه‌كان به‌ڵـێنی 2 ملیۆن دۆلاری له یارمه‌تی داوه.